دێربیی مانچێستەر.. تێن هاگ دەیەوێت بیسەلمێنێت کە یونایتدێکی بەهێزی دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ

راگرتنی ئێرلینگ هالاند ئەرکێکی ئاسان نابێت بۆ کوڕانی تێن هاگ، بەڵام راهێنەرە هۆڵەندییەکەش کە تیپەکەی بە کاتێکی باشدا تێپەڕدەبێت، ئامرازەکانی ئەوەی لەبەردەستدایە کە بتوانێت پاڵەوانی پرێمەرلیگ ئازاربدات.
 
ئەمڕۆ دێربیی مانچێستەرە، کە لەنێو یاریگەی ئیتیحاددا بەڕێوەدەچێت و یارییەکی پڕ لە زەحمەتی و ئاڵنگارییە، کە مانچێستەرە شینەکە پلەی دووەمی ریزبەندیی بەدەستەوەیە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە راوەدۆنانی ئارسیناڵی پێشەنگ، مانچێستەرە سوورەکەش کە لە پلەی شەشەمدایە خوازیارە بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی، کە لە دوایین 4 یارییدا لە پرێمەرلیگدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە
 
لە سەرەتای وەرزدا مانچێستەر یونایتد خراپ دەستیپێکرد، بەڵام دواتر کاریگەری تێن هاگ بەسەریەوە دەرکەوت و وەک تیپێکی جیاواز دەرکەوت، بەڵام دێربییەکەی ئەمڕۆ تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ تیپەکەی تێن هاگ بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو راهێنەرە بناخەی تیپەکەی لەسەر بەرد بنیادناوە یان لەسەر خۆڵ؟.
 
یونایتد وەرزی رابردوو دۆخی بەدەست سیتییەوە زۆر خراپ بوو، کە سیتی بە ئەنجامی هەردوو یاریی 6-1 لێیبردەوە، بۆیە پێویستە یونایتدی خاوەن مێژووە گەورەکەی پرێمەریگ، بیرێک لە گەڕاندنەوە شکۆی درێسەکەیشی بکاتەوە، بێجگە لەوەی شکستهێنان بە پاڵەوانی پرێمەرلیگ متمانەیەکی گەورەی پێدەبەخشێت.
 
تێن هاگ لانیکەم تاوەکو ئێستا سەلماندوویەتی کە مان یونایتدی لە دۆخە خراپەکە رزگارکردووە، بەتایبەتیش کە توانی شکست بە ئارسیناڵی پێشەنگ بێنێت، ئەو بوێرانە بڕیاریدا، کاتێک هاری ماگوایەری کاپتن و کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە پێکهاتەی سەرەکی دوورخستەوە.
 
بەرگریی تێن هاگ لە ئاستێکی باشدایە، رافایێل ڤاران و لیساندرۆ مارتینێز هاوبەشییەکی بەرگری بەهێزیان پێکهێناوە، کە ئیدی دەکرێت متمانە بە تواناکانیان بکرێت، لە هێڵی هێرشبردنیشدا مارکۆس راشفۆرد، کە وەرزی رابردوو وەک یاریزانێکی دۆڕاو دەرکەوت، ئەم وەرزە بەباشی گەشەی کردووە، دوای ئەوەی تێن هاگ رێگەی بۆ کردەوە لە سێبەری رۆناڵدۆ دەربچێت.
 
ئەو هێرشبەرە کە لە 6 یاریی پرێمەرلیگدا 5 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمڕۆ هیوای یونایتدە  بۆ ئەوەی ئەوەی بەرامبەر ئارسیناڵ کردی بەرامبەر مان سیتیش دووبارەی بکاتەوە.
 
راستە مانچێستەر سیتی بە بوونی هالاند هەڕەشەیە بۆ سەر هەر هێڵێکی بەرگری، بەڵام پێشتر نیوکاسڵ و ئاستۆن ڤێلا سەلماندوویانە کە ئەگەر نەتوانن بەر لە گۆڵکردنی هالاند و هاوڕێکانیشی بگرن، بەڵام دەکرێت هێندەی ئەوان تۆڕی گۆڵەکەیان بهەژێنن، کەواتە راشفۆرد، جادۆن سانچۆ و ئەنتۆنی مایەی مەترسین بۆ هێڵی بەرگری مانچێستەر سیتی، بەتایبەتیش لە هێرشی هەڵگەڕاوەدا، کە هەرسێکیان یاریزانی خێران. وێڕای بوونی کریستیان ئێریکسن لە پشتەوەیانەوە، کە هەمیشە لە دۆخێکی تەواودایە بۆ ئازادکردنی سێ یاریزانەکە بە پاسە جوان و وردەکانی. ئەمەش مانای ئەوە دەدات کە یونایتد توانای ئەوەی هەیە لەنێو ئیتحاددا کێشەی راستەقینە بۆ سیتی دروست بکات.