لیۆنێل ئەستێرەیەکی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوورخستەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل سکالۆنی، راهینەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بڕیاریدا پاولۆ دیبالای ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوس لە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەکەی دووربخاتەوە، بەهۆی پێکانەوە.
 
سکالۆنی لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەکەی ئاشکراکرد، بۆ هەرسێ یاریی داهاتووی ئەرجەنتین لەم مانگەدا، کە بڕیارە لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر رووبەڕووی هەرسێ هەڵبژاردەی پاراگوای، ئۆرۆگوای و پێرو ببێتەوە.
 
لە لیستی ناوی یاریزانەکاندا ناوی پاولۆ دیبالا نابینرێت، کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تویتەر، نووسیویەتی "دوای هەڵسەنگاندنی ئەنجامی ئەو پشکنینە پزیشکییانەی بۆ دیبالا کراون، بڕیاردرا ئەو یاریزانە لە پێکهاتەی هەڵبژاردی ئەرجەنتین بۆ هەرسێ یارییەکانی ئەم مانگە دووربخرێتەوە".
 
لیۆنێل سکالۆنی، فاکۆندۆ میدینای بەرگریکاری لاوی ئەرجەنتینی بانگهێشکردووە، بۆ ئەوەی لەو 3 یارییەدا یارمەتی هاوڕێکانی بدات، کە 8ـی ئەم مانگە دەبێتە میوانی پاراگوای، لە 11ـی ئەم مانگەش میوانداری ئۆرۆگوای دەکات، بەرلەوەی لە 15ـی ئەم مانگە میوانداری پێروش بکات.
 
دوای تێپەڕبوونی 9 گەڕ بەسەر پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە 8 یارییدا (هێشتا چارەنووسی یارییەکەی بەرامبەر بەرازیل دیارنییە، کە تەنیا چەند خولەکێک بەڕێوەچوو، ئەرجەنتینییەکان کشانەوە) دووەمی ریزبەندیین، بەرازیلیش 24 خاڵی هەیە و لە پێشەنگدایە.
 
 
لیستی ناوی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بەمشێوەیە:
 
گۆڵپارێز: فرانكۆ ئارمانی، ئيميليانۆ مارتينيز، ئیستيبان ئەندرادا و خوان مۆسۆ.
 
هێڵی بەرگری: گونزالۆ مونتيێل، ناهويل مۆلينا، خێرمان پێزێلا، خوان فویس، كريستيان رۆمێرۆ، نيكۆلاس ئۆتامێندی، لوكاس مارتينيز، ليساندرۆ مارتينيز، ماركوس ئەكۆنيا، نيكۆلاس تاليافيكۆ و فاكۆندۆ ميدينا.
 
هێڵی ناوەڕاست: رودريگۆ دی پاول، ئیزيكێل پالاسيۆس، ليوناردۆ پاریدێس، جيۆفانی لوسێلسۆ، گيدۆ رۆدريگێز، نيكۆلاس دومينگێز و ئەليخاندرۆ گۆمێز.
 
هێڵی هێرشبردن: لوكاس ئالاریۆ، ليۆنێل مێسی، لاوتارۆ مارتينێز، نيكۆلاس گۆنزالێز، ئانخێل كۆريا، ئانخێل ديماريا، خواكين كۆريا و جوليان ئەلفارێز.