دوایین زانیاری.. چارەنووسی کۆمان بەرەو کوێ؟

02-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆناڵد کۆمان خوان لاپۆرتا بارسێلۆنا
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

هەموو سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، بەوانەی نزیکیشن لە یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیدەکەنەوە کە ئەمڕۆ دوایین رۆژی راهێنەرایەتی رۆناڵد کۆمانی هۆڵەندییە، گوایە دوای یاری بارسا و ئاتلێتیکۆ مەدرید دەرکردنی کۆمان لە پۆستەکەی رادەگەیێنرێت، ئەگەرچی لەم یارییەشدا ناتوانێت راهێنەرایەتی تیپەکە بکات، بەهۆی ئەوەی دوو یاری سڕکراوە.
 
ئەم بڕیارەی بارسا، کە مەبەستیەتی لە رووی هونەرییەوە گۆڕان بەسەر تیپەکەیدا بێنێت، دۆخی یانەکە بە گشتی بەرەو ئاڵۆزی و کێشەی زیاتر دەبات، چونکە ئاسان نییە راهێنەر و دەستەی هونەری لاببەی، ئەگەرچی بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان سەرۆکی ئەو یانەیە بڕیاریداوە کە دەبێت گۆڕانکاری بکرێت و راهێنەریش هەر دەبێت بگۆڕدرێت.
 
ئەگەر بارسێلۆنا کۆمان دەربکات، پێویستە 13 ملیۆن یۆرۆ قەرەبووی پێبدات، بەپێی مەرجەکانی گرێبەستەکەی، تەنانەت ئەگەر کۆمان ئەم وەرزە بەردەوامیش بێت و بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەستەکەی نوێ نەکرێتەوە، هەردەبێت بارسا 6 ملیۆن یۆرۆی پێبدات، ئەمە لە کاتێکدایە کە یانەکە هێشتا 4 ملیۆن یۆرۆی کیکی سێتینی راهێنەری پێش کۆمانیشی نەداوە و هەڕەشەی سکاڵا تۆمارکردن دەکات.
 
جا لەوەش قورستر بۆ بارسێلۆنا ئەوەیە، کە ناتوانێت مووچەیەکی گەورە بۆ راهێنەری نوێ و دەستەی یاریدەدەرانی دابین بکات، ئەمەش مانای ئەوە دەدات کە هیچ راهینەرێکی گەورە و ناسراو ئامادە نابێت بە مووچەیەکی کەم بێتە بارسێلۆنا، چونکە بەپێی یاساکانی لالیگا، هەر یانەیەک لەنێو وەرزدا راهێنەرەکەی دەربکات، ناتوانێت لە 3 ملیۆن و 800 هەزار یۆرۆ زیاتر پارەی زیاتر لە بڕە بودجەی تەرخانکراو بۆ مووچەی وەرزەکە بەکاربهێنێت، بە کوردییەکەی نابێت مووچەی راهێنەری نوێ و یاریدەدەرەکانی پێکەوە لەو بڕە پارەیە زیاتر بێت، لە کاتێکدا راهێنەرێکی وەک ئەنتۆنیۆ کۆنتی، کە دەگوترێت یەکێکە لە بەربژێرانی وەرگرتنی پۆستی راهێنەری بارسا، لەگەڵ ئینتەرمیلان مووچەی 12 ملیۆن یۆرۆ بوو.
 
بەپێی قسەی میدیاکانی ئیتاڵیا، هەریەکە لە ئاندریا پیرلۆ و ئەنتۆنیۆ کۆنتی ناویان لەسەر مێزەکەی لاپۆرتایە، بەڵام تەنیا قسە لەگەڵ پیرلۆ کراوە و هێشتا کۆنتی نەخراوەتە بەرباس، ئەمەش بەهۆی ئەوەی سیستمی یاریکردنی پیرلۆ بۆ بارسێلۆنا گونجاوترە وەک لە کۆنتی کە زیاتر بەرگری و هێرشی پێچەوانە دەکات.
 
بێجگە لەوەش پێرلۆ راهێنەرێکی گەنج و نوێیە و لەگەڵ یوڤێنتوس مووچەی تەنیا یەک ملیۆن یۆرۆ بوو، بۆیە دەکرێت بەوە رازی بێت ببێتە راهێنەری یانەیەکی گەورەی وەک بارسێلۆنا، ئەگەرچی سەرکێشییەکی گەورەیە و ئەگەر شکست بێنێت بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زۆر نێگەتیڤ لەسەر کاروانی خۆی دروستدەکات، کە هەندێک پێیانوایە لەگەڵ یوڤێش سەرکەوتوو نەبووە، هەندێکیش بەپێچەوانەوە یەکەم تاقیکردنەوەی پیرلۆ بە سەرکەوتوو دەزانن، بەو پێیەی لە ساڵێکدا دوو نازناوی بۆ خانمە پیرەکە بەدەستهێنا، جامی ئیتاڵیا و جامی سوپەری ئیتاڵیا، ئەگەرچی نەیتوانی سێریا ئەی بباتەوە و تەنانەت بە زەحمەت گەیشتە چامپیۆنزلیگ.
 
ئەگەر باس لەو راهێنەرانە بکەین کە لەلایەن میدیای ئیسپانیاوە بۆ شوێنگرتنەوەی کۆمان دیاریکراون، ئەوا رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا کە بە گەورەترین بەربژێر بۆ پۆستی راهێنەرایەتیی یانەی بارسێلۆنا دیاریکرابوو، بەفەرمی رەتیکردەوە ببێتە راهێنەری بارسێلۆنا و گوتی "هیچ شتێکی گرنگ لەو بارەیە نییە و من لەگەڵ بەلجیکا تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەم بەردەوام دەبن".
 
بەپێی میدیای ئیسپانیا، یەکێک لە بەربژێرە بەهێزەکان بۆ جێگەی کۆمان لە دەرەوەی کیشوەری ئەوروپایە، ئەویش مارسێلۆ گایاردۆی راهێنەری یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینییە، بەڵام هێشتا قسەی لەگەڵ نەکراوە، کەچی ئەو راهێنەرەش ئامادە نییە ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت و راشکاوانە لەو بارەیەوە گوتی "بارسێلۆنا پەیوەندیم پێوەبكات یان نا ھیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت، من پابەندی گرێبەستەكەمم و پلانی رۆیشتنم لە ریڤەرپلەیت نییە".
 
هەرچۆنێک بێت، ئەگەر سەیری ئامارەکان بکەین، هەموو کەسێک ئەو مافە بە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا دەدات کە کۆمان دووربخاتەوە، چونکە لە مێژوودا بارسا هەرگیز ئەم سەرەتا خراپەی نەبووە، بێنە بەرچاوی خۆت کە لە نێوان 96 یانەی بەشدار لە هەرسێ خولی چامپیۆنزلیگ، یۆرۆپالیگ و کۆنفرانسلیگدا، تەنیا بارسا نەیتوانیوە لە دوو یارییدا هیچ لێدانێکی بۆ نێو گۆڵی تیپی بەرامبەر هەبێت.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، لەدوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر بە بێنفیکا، بە درێژایی گەشتەکەیان لە پۆرتوگالەوە بۆ ئیسپانیا لاپۆرتا و کۆمان قسەیان نەکردووە، لاپۆرتا یەکسەر خەوتووە و تاوەکو نیشتنەوەی فڕۆکەکە هەڵنەستاوە.
 
ئەوەی زیاتر ئاماژەیە بۆ رۆیشتنی کۆمان، کاتێک هاتە نێو هۆڵی کۆنگرەی رۆژناڤانی، بە پێکەنینەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "قسەیەکی ڤان خالم بیردێتەوە، هاوڕێ رۆژنامەڤانەکانم". کە ئەوکاتەی ڤان خال لە بارسا رۆیشت لە دوایین کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا لەگەڵ بارسا گوتی "هاوڕێ رۆژنامەڤانەکانم من دەڕۆم".
 
ئەگەرچی بڕیاردان لە داهاتووی راهێنەر کارێکی قورس دەبێت بۆ لاپۆرتا، چونکە وەک ئاماژەمان بۆ کرد ئەوە بڕیارە لایەنی دارایی یانەکە بەرەو دۆخێکی خراپتر دەبات، بۆیە لاپۆرتا هەوڵدەدات بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمان بڕیاری کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکەی بدات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە