8 یاریزانی هەڵبژاردەی رووسیا بە تۆمەتی فرۆشتنی یاری سزادران

02-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تۆپی دەست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێتیی تۆپی دەستی رووسیا، رایگەیاند کە 8 یاریزانی هەڵبژاردەی خوار تەمەن 19 ساڵی بە تۆمەتی فرۆشتنی یارییەکان سزاداوە.
 
بەپێی بڵاوکراوەیەکی فەرمی یەکێتیی تۆپی دەستی رووسیا، یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی رووسیا بۆ  تەمەن خوار 19 ساڵی، لێکۆلینەوەیان لەگەڵ کراوە و بە یارمەتی پسپۆری دەروونی و ئەمنی هەڵسەنگاندنی دەروونییان بۆ کراوە و لە رێگەی بەکارهێنانی ئامێری تایبەت بە ئاشکراکردنی درۆ، ناچارکراون دان بەوەدا بنێن کە یارییەکانیان فرۆشتووە.
 
دوای لێکۆلینەوەکان دەرکەوتووە، کە لایەنی سێیەم پارەی بە هەندێک لە یاریزانانی ئەو هەڵبژاردەیە داوە، بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتی ئەوروپادا، کە لە مانگی ئابی رابردوودا لە کرواتیا بەڕێوەچوو، ئاسانکاری بۆ تیپەکانی بەرامبەریان بکەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی گۆڵیان لێبکەن و لێیانببەنەوە.
 
لەو پاڵەوانێتییەدا، هەڵبژاردەی تۆپی دەستی رووسیا بۆ تەمەن خوار 19 ساڵی لە کۆی 7 یارییدا 6 یاری دۆڕاند و لە کۆی 16 هەڵبژاردەی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەکەدا پلەی 15ـی بەدەستهێنا.
 
لیژنەی بەهاکانی سەر بە یەکێتیی تۆپی دەستی رووسیا، وردەکاریی لێکۆلینەوەکانی ئاشکراکرد، کە 4 یاریزان بۆ ماوەی 5 ساڵ راگیراون و 4 یاریزانی دیکەش بۆ ماوەیەکی کەمتر راگیراون.
 
سێرجی شیشکاریڤی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی دەستی رووسیا، بە تووندی هیرشی کردە سەر ئەو 8 یاریزانە و کردەکەیان بە "خیانەتی نیشتیمانی" نێوبرد.
 
بۆریس کیبکێڤ، سەرۆکی لیژنەی بەهاکانی سەر بە یەکێتیی تۆپی دەستی رووسیا، گوتی "چەند پسپۆرێکی دەروونی و بەرپرسێکی ئەمنی گەورە بەشداریان لە لێکۆلینەوەکاندا کرد، کە هەرزوو 7 یاریزان لە کۆی 16 یاریزان دانیان بەوەدا نا کە گوناحبارن و ئەو کارەیان کردووە، یەکێکیشیان لە رێگەی ئاشکراکردنی درۆوە دەرکەوت کە بەشداری لەو خیانەتەدا کردووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە