بیلباو دێربیی باسکی بردەوە و ویلیامیزیش ناوی چووە مێژووەوە

02-10-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی ئاتلێتیک بیلباو بردنەوەی بەسەر یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێسدا تۆمارکرد و بە گۆڵێکی بێ وەڵام لێیبردەوە.
 
لە یەکەم یاریی گەڕی هەشتەمی خولی یانەکانی ئیسپانیا و لەسەر یاریگەی سان مامێسی تایبەت بە یانەی بیلباو لە هەرێمی باسک، یانە سوور و سپییەکە میواداریی نوێنەرەکەی شاری ڤیتۆریا گاستێیزیان کرد کە ئەمە دێربیی هەرێمی باسک بوو، یارییەکەش بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام لە سوودی یانەی بیلباو کۆتاییهات.
 
لەو یارییەی کە ئینیاکی ویلیامزی یاریزانی یانەی ئاتلێتیک بیلباو ناوی چووە مێژووەوە دوای ئەوەی 203 یاری لەسەریەکی بەبێ دابڕان و پێکان بۆ یانەکە ئەنجامدا کە پێشتر کەس ئەوەی نەکردووە، یانە باسکییەکە بردنەوەی تۆمارکرد.
 
بیلباو لە خولەکی 6ـی یارییەکە لێدانێکی سزای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی ڤیڤیان لێدانێكی سەری ئاڕاستەکرد و بەردەستی خواکیم ناڤارۆی بەرگریکەر کەوت، بەڵام راول گارسیا لێدانە سزاکەی لەدەستدا و پاچیکۆ گەڕاندییەوە.
 
هێرشەکانی ئاتلێتیک بیلباو بەردەوامبوون، چەندین هەلی دیکەیان دروستکرد، بەڵام پاچیکۆ رێگر بوو، ئەوەبوو لە خولەکی 43 راول گارسیا قەرەبووی لەدەستدانەکەی کردەوە و بە لێدانی سەر گۆڵی یەکەم و بردنەوەی بۆ یانەی ئاتلێتیک بیلباو تۆمارکرد.
 
بەم بردنەوەیە کوڕانی مارسێلینۆ بەشێوەیەکی کاتی خۆیان گەیاندە پلەی شەشەمی لالیگا و خاوەنی 13 خاڵن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە