ڤیدیۆ؛ ئەشرەف حەکیمی سێ خاڵی گرنگی بە دۆرتموند بەخشی

رووداو-هەولێر

بە سەرکردایەتی ئەشرەف حەکیمی، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند سەرکەوتنێکی گرنگی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بەسەر یانەی سلاڤیا پراگی چیکیدا بەدەستهێنا.

یاریگەی سینۆبۆ لە پراگی پایتەختی چیک میوانداری ئەم یارییەی کرد و یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی باش، یارییەکەی بە ئەنجامی دوو بێ وەڵام بردەوە.

تایمی یەکەمی یارییەکە بە باڵادەستی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند دەستیپێکرد، بەڵام هێرش و مەترسییەکان تاوەکو خولەکی ٣٥ بوونیان نەبوو، ئەو کاتەی ئەشرەف حەکیمی لەلای راستی نیوەی یاریگەوە تۆپێکی لە یولیان براند وەرگرت و دەرچوونێکی خێرایکرد و بەرەوڕووی گۆڵی یانەی سلاڤیا پراگ چوو، یاری بە گۆڵپارێز و بەرگریکارانی یانەی میواندار کرد و تۆپەکەی بەشێوەیەکی زۆر جوان کرد بە گۆڵدا و یانەکەی پێشخت و ئەم گێمە بە پێشکەوتنی یانەی دۆرتموند کۆتاییهات.

تایمی دووەم لە زۆربەی کاتەکاندا تۆپ لەلای یاریزانانی سلاڤیا بوو بە هیوای یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام نەیتوانی و لە دوا خولەکی یارییەکەشدا ئەشرەف حەکیمی لە هێرشێکی پێچەوانەدا گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکەیان بردەوە.

لەم کۆمەڵەیدا کە هەریەکە لە یانەکانی بارسێلۆنا و ئینتەرمیلانیشی تێدایە، بۆرووسیا دۆرتموند خاوەنی چوار خاڵە کە یاری یەکەم لەگەڵ بارسێلۆنا یەکسان بووبوون، یانەی سلاڤیا پراگیش خاوەنی خاڵێكە کاتێک لە نێو سانسیرۆ لەگەڵ ئینتەرمیلاندا بە گۆڵێک یەکسان بووبوون.