نایگلیزمان کاپتنی نوێی ئەڵمانیا دیاریدەکات


رووداو دیجیتاڵ

خولیان نایگلیزمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، کاپتنی نوێی هەڵبژاردەکە و گۆڵپارێزەکەی دیاریدەکات.
 
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دوای گەیشتنی بە قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆی 2024 و کرانە دەرەوەی لەو قۆناخە لەلایەن هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
 
 تۆنی کرووس، تۆماس مولەر و مانوێل نۆیەر وازهێنانی خۆیان لە یاریکردنی نێودەوڵەتی راگەیاند، ئەو سێ ئەفسانەیەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا جێپەنجەیان لە مێژووی هەڵبژاردەکە نەخشێنراوە و هۆکارێکی سەرەکی بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2014، شوێنپڕکردنەوەیان ئەرکێکی قورس دەبێت بۆ راهێنەری هەڵبژاردەکە.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نایگلیزمان رایگەیاند، کاپتنی نوێی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن، جۆشوا کیمیچ دەبێت، رؤدیگێر کاپتنی دووەم دەبێت و کای هاڤێرتز کاپتنی سێیەم.
 
لە هەمانکاتدا ئەوەی خستەڕوو کە تێر شتیگن گۆڵپارێزی ژمارە یەکی هەڵبژاردەکە دەبێت.
 
نایگلیزمان سەبارەت بە یۆرۆی 2024 گوتی  "دەمانتوانی لە ئیسپانیا ببەینەوە و دەبووایە لێیان ببەینەوە، دوور لە حاڵەتی دەستەکەی ئیسپانیا، ئێمە شیکاری خۆمان بۆ یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە کردووە، چەندین هەنگاومان ناوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە لە قۆناخی هەشتەوە دەرکراین، چاوەڕێی لەوە زیاتر دەکەین".
 
دەربارەی گۆڵپارێزی ئەڵمانیا گوتی "تیر شتیگن ژمارە یەکە، گفتوگۆی ئەوەمان کردووە، ئاستێکی نایابی پێشکێش کردووە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا".