گورزێکی دیکەی کوشندە بەر ریال مەدرید کەوت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی سیبایۆس فێرلان مێندی پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو هەولێر 

هەواڵێکی ناخۆش گەیشتە مەشقەکانی یانەی ریال مەدرید و کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری، کە تایبەتە بە پێکرانی دوو یاریزانی ئەو یانەیە و دوورکەوتنەوەی یەکێکیان بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ دەبێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، یانەی ریال مەدرید رایگەیاند، یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی تووشی پێکان بووە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
 
یانەی ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی پزیشکیدا، رایگەیاند "دوای ئەو پشکنینانەی بۆ دانی سیبایۆسی یاریزانەکەمان ئەنجامدران لە نۆرینگەی پزیشکیی یانەکەمان، دەرکەوت تووشی سۆڕانەوەیەکی پلە سێ بووە لە بەستەرەکانی پاژنەی پێی راستی".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی دوورکەوتنەوەی دانی سیبایۆس لە یاریگاکان بەندە بە راددەی گەشەکردنی پێکانەکەی و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی چارەسەرییەکەی.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، ئەم پێکانە دەبێتە هۆی ئەوەی دانی سیبایۆس بۆ ماوەی 6 بۆ 8 هەفتە لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.
 
ریال مەدرید هەروەها لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکانەکە لە هەستیارترین کاتدا بووە بۆ دانی سیبایۆس، چونکە ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەوەی خولەکی زیاتر لە یارییەکانی داهاتوودا بەدەستبهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە خراپەی کە بەهۆی نەبوونی ئێدواردۆ کاماڤینگا و جود بێلینگهامەوە تووشی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکە بووە، کە ئەوانیش بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، فێرلان میندی، بەرگریکاری ریال مەدریدیش لە هەڵبژاردەی فەرەنسا دوورخرایەوە بەهۆی پێکانەوە، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا نەزانراوە کە قەبارەی پێکانی یاریزانە فەرەنسییەکە چەندە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە