ئەنچێلۆتی مەترسییە گەورەکەی سەر ریال مەدریدی ئاشکراکرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، ئەو شتەی ئاشکراکرد کە پێیوایە مەترسی هەرە گەورەیە لەسەر تیپەکەی. دەشڵێت "ئێمە نیگەران و بێزار نین لە یەکسانبوون لە دوو یارییدا، ئێمە ئارەزوو و پاڵنەر و پەرۆشی ئەوەمان هەیە بۆ ئەوەی هەوڵی باشترکردنی ئاستەکەمان بدەین".
 
دوای ئەوەی ریال مەدرید لە گەڕی چوارەمی لالیگادا 2-0 لە ریال بێتیسی بردەوە، راهێنەری ریال مەدرید، پەسنی پەیوەندی نێوان کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆری دا، کە لە یارییەکەدا ئێمباپێ هەردوو گۆڵەکەی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، لە خولەکەکانی 67، 75 و گۆڵی دووەمی لە رێگەی لێدانی سزاوە بوو، کە ڤینیسیۆس رێگەی پێدا جێبەجێی بکات.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە لێدوانێکانیدا کە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردوونەتەوە، گوتی "ڤینیسیۆس کاتێک لێدانی سزای بۆ ئێمباپێ بەجێهێشت، سەلماندی کە خۆپەرست نییە. پێموایە پەیوەندییەکی باشیان هەیە، هەروەک چۆن لەگەڵ رۆدریگۆش هەیەتی، ئێمە دڵخۆشین کە ئەو یاریزانەمان هەیە".
 
سەبارەت بە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمی کیلیان ئێمباپێ لە لالیگا، کارلیتۆ گوتی "ئێمە هیچ گوشارێکمان نەخستە سەر ئێمباپێ بۆ ئەوەی گۆڵ تۆماربکات، ئەو وەک هەمووان یارییەکی باشی ئەنجامدا زۆر کاریگەر بوو، هەلی زۆری بۆ رەخسا. ڤینیسیۆس بەخشندە بوو کە لێدانی سزای بۆ بەجێهێشت".
 
ئەو سەبارەت بە ئاستی تیپەکەیشی گوتی "ئێمە کارەکان هەڵدەسەنگێنین، تیپەکەمان لە دوایین یارییدا باشتربوو".
 
راهێنەری یانەی شاهانە، روونیشی کردەوە "ئێمە نیگەران و بێزار نین لە یەکسانبوون لە دوو یارییدا، ئێمە ئارەزوو و پاڵنەر و پەرۆشیمان هەیە بۆ ئەوەی هەوڵی باشترکردنی ئاستەکەمان بدەین، لەم یارییەدا ئەوەمان کرد، شایستەی بردنەوە بووین، یارییەکەش بووە هۆکاری دروستبوونی هاوسۆزییەکی زیاتر لەنێوان هەموواندا. سێ خاڵەکەمان بەدەستهێنا و بە هەستێکی باشترەوە دەچینە نێو پشووەکانی نێودەوڵەتی".
 
لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە یارییەکە، کارلیتۆ گوتی "لە نیوەی یەکەمدا هەستم بە باشی کرد، هەرچەندە لە گۆڕینی ئاراستەی یارییەکەدا زەحمەتیمان بینی، کەمێک خاوتر بووین، بەڵام تیپەکە سەرنجی لەسەر یارییەکە بوو و لە گێمی دووەمدا بەرگرییەکی باشمان کرد، ریتمی یارییەکە باشبوو، کێشەکە چارەسەر کرا".
 
راهێنەری مێرینگێ، لە کۆتایی قسەکانیدا باسی ئەو شتەی کرد کە لێیدەترسێت و بە "هەڕەشەی گەورە" وەسفی کرد و گوتی "هەفتەی فیفا لە کاتێکی باشدا نییە، ئەوانەی گەشت دەکەن بۆ ئەمریکای باشوور، رووبەڕووی کێشەیەکی زۆر دەبنەوە و زۆرجار بە تەندروستییەکی باش ناگەڕینەوە، هیودارم تووشی پێکان نەبن، چونکە ئەوە گەورەترین مەترسییە".
 
بەم سەرکەوتنە یانەی ریال مەدرید ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 8 خاڵ و لە پلەی دووەمی ریزبەندیی لالیگادایە لەدوای بارسێلۆنا، کە بە 12 خاڵ پێشەنگی لالیگای گرتووە، لە کاتێکدا ریال بێتیس تەنیا دوو خاڵی هەیە و پلەی 17ـی ریزبەندییەکەی گرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە