ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر بۆ یەکەم بردنەوە یاری دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئامەدسپۆر
ئامەدسپۆر
نیشانەکردن ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر دوای سێ گەڕی بێ بردنەوە، دەیەوێت یەکەم سەرکەوتن لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا بەدەستبهێنێت و نیگەرانییەکانی هاندەرانی بڕەوێنێتەوە.
 
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولی پلە یەکی تورکیادا، یانەی ئامەدسپۆر کاژێر 21:00 میوانداری یانەی کۆجاعەلی سپۆر دەکات، یارییەکە بڕیاربوو لە یاریگەی ئامەد بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی چیمەنی یاریگەکەی نۆژەندەکاتەوە یارییەکە لە روها بەڕێوەدەچێت.
 
ئامەدسپۆر لە سێ گەڕی رابردووی خولەکەدا، هیچ بردنەوەیەکی نییە، لە دوو یارییدا یەکسانبووە و یارییەکیشی دۆڕاندووە، ئەمە هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکردووە و داوای ئەنجامی باشتر لە یانەکە دەکەن.
 
یانەکەی باکووری کوردستان لە 270 خولەکی ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیادا 30 لێدانی هەبووە، تەنیا 7 لێدانی بۆ گۆڵی تیپی بەرامبەر بووە و هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە، کە هاوشانی یانەی یەنی ماڵتیاسپۆر دوو یانەن لە خولەکەدا تاوەکو ئێستا گۆڵیان نەکردووە.
 
لە بەرامبەردا یانەی کۆجاعەلی سپۆر یەکێک لە یانە بەهێزەکانی ئەم وەرزەی خولەکەیە و لە سێ گەڕی رابردوودا، هەرسێ یارییەکەی بردووەتەوە و 5 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمشەویش دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئامەدسپۆر ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
 
یانەی ئامەدسپۆر یەکەمجارە بەشداری لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا دەکات، یانەکە نرخی پێکهاتەکەی گەیشتووەتە سەرووی 8.4 ملیۆن یۆرۆ و هەرگیز ئەم ژمارە بەرزەی بەخۆیەوە نەبینیووە، بەڵام هێشتا ئەنجامەکانی بە دڵی هاندەرانی باکووری کوردستان نین.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە