ئێمباپێ لەبارەی رۆناڵدۆ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤینیسیۆسەوە چی گوت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید، دڵخۆشیی خۆی بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە یاریی بەرامبەر ریال بێتیس و بردنەوەی یارییەکە پێشاندا و باسی دەنگۆی کێشەکانی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر و ناوبردنی بە جێگرەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات.
 
ئێمباپێ لە یاریی بەرامبەر ریال بێتیس، دوو گۆڵی تۆمارکرد و دوای چوار گەڕ لە لالیگادا بۆ یەکەمجار لە خولەکەدا گۆڵی تۆمارکرد و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی دووەم یاری لەم وەرزەی خولەکەدا.
 
دوای تۆمارکردنی ئەو دوو گۆڵە، ئێمباپێ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، سەرەتا رۆژنامەڤانێک لێی پرسی هەستت چییە چوار گەڕ گۆڵت نەکرد؟ ئەو لە وەڵامدا پێکەنی و گوتی "چوار نەبوو سێ بوو."
 
ئێمباپێ دەڵێت "دەتوانم لە هەرسێ شوێنەکەی هێرشبەری یاری بکەم، دەتوانم خۆم لەگەڵ شوێنی نوێم وەکو هێرشبەری ژمارە 9 بگونجێنم، گرنگ ئەوەیە بزانیت چۆن بجوڵێیت، لە پاریس هەندێک بەمشێوەیە یاریم کردووە و دەتوانم لە هەر شوێنێکی هێرشبردندا یاری بکەم."
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە گوتی "من بۆ بردنەوەی نازناوەکان هاتوومەتە ریال مەدرید، دەمزانی ئەم ساتە زوو دێت کە گۆڵ تۆماربکەم، لە چاو یارییەکانی رابردوو هەستدەکەم هەندێک باشتربووم، ساڵانێکی زۆر بوو خەونم دەبینی، متمانەی هەمووانم هەیە و زۆر دڵخۆشم لێرەم و ئامانجی من بردنەوەی نازناوە."
 
لەبارەی پەیوەندییەکەی لەبارەی ڤینیسیۆس جونیۆرەوە کیلیان ئێمباپێ لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی "هەردووکمان گەنجین و بەنێوبانگین، شتێکی ئاساییە قسەمان لەبارەوە بکرێت."
 
کیلیان زیاتر باسی ڤینی دەکات و کاتێک پرسیاری لێکرا، ئەنچێلۆتی گوتبووی یاریزانەکان دەستنیشانیدەکەن کێ لێدانی سزا جێبەجێ بکات، رای تۆ؟ ئەو گوتی "من نامەوێت خۆم بسەپێنم، ئەمە عەقڵییەتی من نییە، ڤینی جێبەجێکاری لێدانی سزایە و دوای ئەویش منم، راهێنەر لەبارەی لێدانە سزاکان ئازادیمان پێدەدات و دەبێت ئێمەش زیرەک بین."
 
لەبارەی ئەوەی هەست بە رارایی دەکات؟ کیلیان ئێمباپێ گوتی "نا، من بەدرێژایی کاروانی یارییکردنم گۆڵم تۆمار کردووە، تەنیا دەمەوێت تیپەکە بەشێوەیەکی باش یاری بکات، دوای ئەوە بیر لە تۆمارکردنی گۆڵ دەکەمەوە، رەخنەکانیش بۆ من جێگەی تێڕامان نین و تووشی سەرسوڕمان نابم، ئەمە بەشێکە لە ژیانی من و راهاتووم لەسەری."
 
پرسیار لە ئێمباپێ کرا، دەبیتە جێگرەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ؟ کیلیان لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ، ئەو نموونەی باڵای منە، بەڵام نەخێر ئەم گوشارەم ناوێت و دەمەوێت کیلیان بم، تاکە گوشارێک کە رووبەڕووی دەبمەوە ئەوەیە دەمەوێت خۆم لەگەڵ تیپەکە بگونجێنم."
 
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا کیلیان ئێمباپێ بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەست بە دۆخێکی باش دەکەم لە تیپەکەدا و دەزانن ئێمە وەکو یاریزان دەکرێت ئاستێکی بەرزتر لە یارییەکەی ئەمڕۆ و لە یارییەکانی داهاتوودا پێشکێشبکەین، دەمەوێت هاوکاری تیپەکە بکەم و چێژ لە هەموو ساتەکانم لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگە وەربگم، ئێمە یاریزانی زۆرباشمان هەیە و لەو باوەڕەدام شتەکان باشتر دەبن.
 
ریال مەدرید لە چوار گەڕی رابردووی لالیگادا، دوو یاریی بردووەتەوە، کیلیان ئێمباپێ دوای چوار یاری بۆ یەکەمجار لە خولەکەدا گۆڵی تۆمارکرد و بێدەنگیی لە گۆڵکردن شکاند.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە