جۆکۆڤیچ ریمۆنتادایەکی مێژوویی تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ

نۆڤاک جۆکۆڤیچ ریمۆنتادایەکی مێژوویی تۆمارکرد و گەیشتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا.
 
جۆکۆ لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر لاسلۆ دیژێریی هاونیشتمانی یارییکرد، ئەوەی بۆ هەمووان چاوەڕواننەکرابوو، ئەو ئاستە بەرزەبوو کە لاسلۆ لە یارییەکەدا پێشکێشیکرد و دوو کۆمەڵەی یەکەمی یارییەکەی بە شەش چوار و شيش چوار لە جۆکۆڤیچ پڕ ئەزموون بردەوە.
 
وەک هەمیشە نۆلێ خۆی بەدەستەوە نەدا جۆکۆ هێزێکی زیاتری دایەوە بەر خۆی ئەو کۆمەڵەی بە شەش یەک بردەوە، دوای ئەوەش شەش یەک و شەش سێ یارییەکەی لە سێ کاژێر و 45 خولەکدا تەواوکرد و بە ریمۆنتادایەکی مێژوویی گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
ئەمە جاری هەشتەمە جۆکۆڤیچ بە دوو کۆمەڵە لە دواوەبێت و یارییەکە بباتەوە، لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر بۆرنا گۆجۆی تێنسزانی کرواتی یارییدەکات.
 
لەسەر ئاستی خانمان ئیگا شیڤیاتیکی پۆڵەندی، لەسەر هەنگاوەکانی بۆ بەرگریکردن لە نازناوەکەی بەردەوامە، ئەمجارە تێنسزانەکەی پۆڵەندا بەرامبەر کایا یوڤانی سلۆڤینی یارییکرد.
 
شیڤیاتیک پێویستیی بە تەنیا 50 خولەک هەبوو بۆ ئەوەی یارییەکە بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر شەش سفرو شەش یەک بباتەوە و بگاتە قۆناخی داهاتوو.
 
لە یارییەکی دیکەدا کارۆلین ڤۆژنیاکی دانیمارکی گەڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵەی یەکەمی بە چوار شەش بەرامبەر جێنفەر برادیی ئەمریکی دۆڕاند.
 
ڤۆژنیاکی کۆمەڵەی دووەم و سێیەمی بە شيش سێ و شەش یەک بردەوە و لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر کۆکۆ گاوفی ئەمریکی یارییدەکات.
 
یێلینا ئۆستاپینکۆی لاتڤی، یەکێکی دیکەیە لە سەرکەوتووانی قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا.
 
ئۆستاپینکۆ بەرامبەر برناردا پێرێرای ئەمریکی یارییکرد، کۆمەڵەی یەکەمی بە چوار شەش دۆڕاند، بەڵام دوای ئەوە شەش سێ و شەش سێ وەڵامی رکابەرەکەی دایەوە و گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
لەو قۆناخەشدا یێلینا بەرامبەر ئیگا شیڤاتیکی پۆڵەندی یارییدەکات.
 
کۆکۆ گاوفی ئەمریکی پێویستیی بە دوو کاژێر و 4 خولەک هەبوو بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا بکاتەوە و درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات.
 
گاوف کۆمەڵەی یەکەمی بە سێ شەش بەرامبەر ئالیز مێرتێنزی بەلجیکی دۆڕاند و دواکەوت، بەڵام وەڵامدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو.
 
تێنسزانەکەی ئەمریکا لە هەردوو کۆمەڵەی دووەمدا و سێیەمدا باشتر یارییکرد و بە شەش سێ و شەش سفر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
 
رکابەری داهاتووی گاوف کارۆلین ڤۆژنیاکییە.