رووداو دیجیتاڵ
بەبێدەنگی و بێ هەنگاونان بە ئاراستەی هێنانی هیچ هێرشبەرێک، ریال مەدرید ماڵئاوایی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان کرد و بێئومێدی و ترس بەسەر کۆی دامەزراوەی یانەی سەدەدا زاڵە.
رووینەداوە و نەبووە ریال مەدرید هیچ وەرزێک بەبێ هێرشبەری ژمارە نۆ و یەکلاکەرەوە، بچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزەوە، بەڵام ئەمساڵ کارگێڕیی یانەکە سوورن لەسەرئەوەی دەتوانن بەبێ هێرشبەری ژمارە نۆ، رکابەریی لەسەر نازناوەکان بکەن.
ریال کە لە مێژوودا ئەفسانەی گەورەی ژمارە نۆی دی ستیفانۆ، زامۆرانۆ، داڤید سوکێر، مۆریانتس، رۆناڵدۆی دیاردە و تاوەکو بنزیمای هەبووە و تەنانەت وەرزێکیش کریستیانۆ رۆناڵدۆ درێسی ژمارە نۆی یانەکەی پۆشیوە، ئەمساڵ درێسە ژمارە نۆیەکەی لە خەزێنەکانیدا هێشتەوە و رووداوێکی ناوازە دەبێت کاتێک روونە کە ریال مەدرید هێرشبەری ژمارە نۆی نییە، بەڵام یەدەگی ئەو هێرشبەرەی هەیە کە خۆسێلۆیە.
گەرچی رووداوەکانی هاوینی ئەمساڵ لەبارەی ریال مەدریدەوە پێویستیی زۆری تیپەکەیان بۆ هەبوونی هێرشبەرێکی یەکلاکەرەوەی ناو سندوق دووپاتدەکردەوە، بەڵام یانەکە نەچووە ژێرباری هیچ شتێک و لەسەر نەهێنانی هێرشبەرێک سووربوو.
کاتێک بنزیما لە هاویندا رووی لە سعودیە کرد، هەمووان پێیانوابوو کە ریال کار بۆ شوێنگرەوەیەکی کاریگەری ئەو یاریزانە دەکات، بەتایبەت کە دوو وەرزی رابردوو، کەریم هۆکاری سەرەکی بوو بۆ گەیشتنی ریال مەدرید بەنازناوەکان، بەڵام رۆژەکانی گواستنەوە بەبێدەنگیی تێپەڕین و لە کۆتاییشدا کەس نەهات.
گەرچی میدیای ئیسپانیا و هاندەرانی یانەکە گوشاری زۆریان کرد لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێکدا و هەموو کاتیش چاویان لەوە بوو ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بکات، وەک چارەسەری هەموو گرفتەکانی هێڵی هێرشبەری تیپەکە، بەڵام هیچکام لەوانە رووینەدا.
ئێستا پێکهاتەکەی ریال مەدرید لە هێڵی پێشەوەدا، جیا لەوەی کە هێرشبەری ژمارە نۆی تێدا نییە، یەکێکی دیکەش لە هێرشبەرە کاریگەرەکانی، کە ڤینیسیۆس جۆنیۆرە، بۆ ماوەی مانگ و نیوێک لەدەستداوە، بەڵام وێڕای ئەوەش یانەکە هیچ جووڵەیەکی لەپێناو هێنانی هێرشبەرێکدا نەکرد.
لەو سێ یارییەدا کە ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا ئەنجامیداون، کارلۆ ئەنچیلۆتی پشتی بەیارییکردن بە دوو هێرشبەر بەستووە کە رۆدریگۆ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر بوون، بەڵام گەرچی یانەکە لە هەرسێ یاریدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوەی رۆڵی یەکلاکەرەوەی بۆ تیپەکە بینیووە و بەسەرکەوتنی گەیاندووە، جود بێلینگهام بووە کە لە بنەمادا هێرشبەر نییە و ناوەندکاری هێرشبەرییە.
ئێستا هەموو شت کۆتایی هات و بازاڕی گواستنەوە داخرا و ریال مەدرید بەبێ هێرشبەر چووەوە نێو رکابەرییەکانی وەرزەوە و پرسیارە گەورەکەش ئەوەیە کە ئایا یانەی شاهانە دەتوانێ بەبێ بوونی هێرشبەری ژمارە نۆ، رکابەریی لەسەر نازناوەکان بکات؟.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ