رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی بالەی عێراق، بڕیاریداوە یارییەکانی پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراق لەسەر ئاستی پێشکەوتووان لە شاری هەولێر بەڕێوەبچن.
یارییەکانی کێبرکێکە رۆژی 25ـی ئەم مانگە لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی ئەکاد عەنکاوە دەستپێدەکەن، وا چاوەڕواندەکرێت 8 یانە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەن.
ئازاد حەسەن، سەرۆکی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "شاری هەولێر زۆر گونجاوە بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان، لەبەرئەوەی سێبەشی تیپەکان یانەکانی کوردستانن و ململانێ بەهێزەکەش لەنێوان کچە یاریزانانی هەرێمی کوردستانە".
یانەی ئەکاد عەنکاوە خاوەن زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراقە، کە 7 نازناوی بردووەتەوە، چەند وەرزێکە ئەم تیپە نەیتوانیوە نازناوەکە بباتەوە، ئێستا کچە یاریزانانی ئەم یانەیە لەنێو کەمپێکی راهێنانی چڕدان.
شەوقی یوسف، سەرۆکی یانەی ئەکاد عەنکاوە. بۆ رووداوی روونکردەوە "ئەمساڵ بەهێنانی چەند کچە یاریزانێکی ئاستبەرز کەموکوڕیی تیپەکەمان پڕکردووەتەوە، دەمانەوێت نازناوەکە لەنێو هۆڵی یانەکەمان نەچێتە دەرەوە".
وەرزی رابردوو یانەی سەنحاریب کە یانەیەکی شاری دهۆکە، نازناوی پاڵەوانێتیی بالەی عێراقی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ