گواستنەوەی هاوینە کۆتاییهات و ئێمباپێ نەچووە ریال مەدرید

02-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وادەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان کۆتاییهات، ئەوەی هەمووان چاوەڕوانبوون بۆ هاوینی دووەم لەسەریەک رووینەدا و کیلیان ئێمباپێ نەچووە یانەی ریال مەدرید.
 
هاوشێوەی هاوینی ساڵی 2022، لەم هاوینەدا و بەدرێژایی وادەی گواستنەوەی یاریزانان رۆژانە هەواڵ و زانیاری جیاواز لەبارەی ئەگەری چوونی کیلیان ئێمباپێ لە یانەی پاریس سانجێرمانەوە بۆ یانەی ریال مەدرید بڵاودەکرانەوە، بەڵام ئەو گرێبەستە نەکرا و یاریزانەکە لە یانەی پاریس سانجێرمان مایەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ لەسەرەتا وادەی گواستنەوە و قۆناخی ئامادەکاریی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ وەرزی نوێ، لە کەمپی مەشقەکانی یانەکە دوورخرایەوە و گوشاری زۆری خرایە سەر بۆ ئەوەی رازی ببێت، لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا لە یانەکە بڕوات، بۆ ئەوەی پاریس سانجێرمان لە رووی داراییەوە قازانج بکات، بەڵام یاریزانەکە سوور بوو لەسەر مانەوە و بەهیچ شێوەیەک رازی نەبوو لە یانەکە بڕوات.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی ریال مەدرید تاوەکو کۆتاییهاتنی وادەی گواستنەوەی یاریزانان هیچ هەنگاوێکی فەرمیی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە نەنا و هیچ دەستەوارەیەکی پێشکێش نەکرد، بۆیەش یاریزانەکە لە کۆتاییدا لە پاریس سانجێرمان مایەوە و هاندەرانی ریال مەدرید ئەم هاوینەشیان بەبێ گواستنەوەی ئێمباپێ تەواو کرد.
 
دوای ئەوەی ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ ئێمباپێ نەکرد، لەم وەرزەدا ریال مەدرید بەبێ یاریزانی ژمارە 9 یارییدەکات، کە یەکەمجارە لە مێژوودا یانەکە وەرزێک بەبێ یاریزانی ژمارە 9 یاریی بکات، لەکاتێکدا هەمووان پێیانوابوو ئەو درێسە بۆ کیلیان دانراوە، بەڵام گرێبەستەکە نەکرا.
 
لە 31ـی مانگی 7 کیلیان ئێمباپێ بەشێکی ئەو پاداشتە داراییەی وەرگرتووە کە لە گرێبەستەکەیدا هەیە و دوای کۆتاییهاتنی وادەی گواستنەوەی یاریزانان و مانەوەی لە یانە فەرەنسییەکەشدا بەشی دووەمی پاداشتەکەی دەبێت وەربگرێت.
 
مانەوەی کیلیان ئێمباپێ لە یانەی پاریس سانجێرمان لەکاتێکدایە، هاوینی ساڵی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت.
 
دوای راکێشانی تیروپشکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان گوتی "ئێمباپێ یاریزانی پاریسە، گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەو زۆرباشن، ئەو یاریزانێکی نایابە و کەسێکی پیشەگەرە، قسە لەگەڵ بەشێکی ئەندامانی ماڵباتەکەشی دەکەین، بەڵام نامەوێت لە بارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی قسەبکەم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی یۆرۆی 2024 بەرزدەکاتەوە. وێنە: AFP

ئیسپانیا بۆ چوارەم جار بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ

ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینگڵتەرای بردەوە.