ڤیدیۆ؛ پاشای گۆڵ بە مێژوویەکی گەورەوە چووە نێو پەرتووکی گینس

02-09-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ سەرکردایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی کرد بۆ بردنەوە لە ئێرلەندا، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر و بە مێژوویەکی گەورەوە چووە نێو پەرتووکی گینس بۆ ریکۆردە مێژوویی و ژمارە پێوانەییەکان.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا ریکۆردی عەلی دایی ئێرانیی شکاند و بووە گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەکان لەسەر ئاستی جیهان، کە لە 180 یارییدا 111 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال تۆمارکردووە، بەمەش دوو گۆڵ چووە پێش هێرشبەری پێشووی ئێرانییەکان.


رۆناڵدۆ دوای تۆمارکردنی ئەم ریکۆردە نوێیە وەک باشترین گۆڵکاری هەڵبژاردەکانی جیهان ناوی لە پەرتووکی گینسدا تۆمارکرا.

 

کریستیانۆ دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر شکاندنی ئەم ریکۆردە نوێیە پێشاندا و لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاویکردووەتەوە نووسیوویەتی " ژمارەی پێوانەیی؟ دەزانم ئەمە ریکۆردێکە، زۆر دڵخۆشم پێی و ژمارەیەکی دیکەیە لە مۆزەخانەکەمدا ".

دۆن زیاتر نووسیوویەتی " زۆر دڵخۆشم ناتوانم بە وشە گوزارشت لەو هەستە خۆشەی خۆم بکەم، من بەشێوەیەک دڵخۆشم کە باوەڕپێنەکراوە"


ئەستێرەکەی پۆرتوگال دەڵێت " لەنێوان هەموو ئەو ریکۆردانەی لە ژیانی وەرزشیم تۆمارم کردوون و ژمارە پێوانەییەکانم شکاندوون، هەندێکیان بۆ باشی بەختی من لەو ژمارە پێوانەییانەی کە شکاندوومن نایابن".

گۆڵکاری مێژوو نووسیوویەتی " یەکەم ئەمە ریکۆردێکی نایابە بۆ من، بەدڵنیاییەوە دەستکەوتێکە، وام لێدەکات هەست بە شانازیی بکەم، هەموو جارێک نوێنەرایەتی وڵاتەکەم دەکەم، هەست بە ئاسوودەیی دەکەم، بۆ من ساتێکی تایبەتە، لەبەر ئەوەی دەزانم بەرگری لە پۆرتوگال دەکەم و نیشانی جیهانی دەدەم کە پۆرتوگال لەچی پێکهاتووە".

دووەم: کێبڕکێی هەڵبژاردەکان لە وێستگەی ژیانی وەرزشیمدا، کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر من هەبووە، کە گەورە دەبم و سەیری ئەو کەسانە دەکەم، کە یاریی بۆ ئاڵای نیشتمانەکەیان دەکەن، هەموو هاوینێک لە یۆرۆ و جامی جیهانیی لەپێناو ئاڵای وڵاتەکەیان دەجەنگن.

دۆن گوتی " زۆر دڵخۆشم بە شکاندنی ئەم ریکۆردە، نەک تەنیا بۆ شکاندنی ریکۆردەکە بەڵکو بۆ ساتە خۆشەی پێیدا تێپەڕین، ئەو کارەی کە تیپەکەش کردی بەرز دەنرخێنم ".

ئەستێرەی نوێی مانچێستەر یونایتد دەڵێت "لە کۆتاییدا و لەسەرووی هەمووشیانەوە، تۆمارکردنی 111 گۆڵ بۆ پۆرتوگال، واتە 111 ساتی وەکو ئەوەی ئەمڕۆ تێیدا ژیام، ساتەوەختەکانی یەکگرتن و بەختەوەری ملیۆنان پۆرتوگالی لە سەرانسەری جیهاندا. ئامادەم لەپێناو ئەواندا هەموو قوربانییەکی شایستە بدەم". 

لەبارەی لەدەستدانی لێدانە سزایەکەدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی " ئەمە بەشێکە لە یاری و کارکردن، هەندێکجار گۆڵ دەکەیت و هەندێکجاریش هەڵەدەکەیت ".

رۆناڵدۆ لە کاروانی یارییکردنیدا بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال 58 گۆڵی بە قاچی بە راست تۆمارکردووە، 25 گۆڵی بە قاچی چەپ تۆمارکردووە، 28 گۆڵی بەلێدانی سەر تۆمارکردووە.

کریستیانۆ 450 گۆڵی بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمارکردووە، 118 گۆڵی بۆ مانچێستەر یونایتد تۆمارکردووە، 111 گۆڵی بۆ پۆرتوگال تۆمارکردووە، 101 گۆڵی بۆ یوڤێنتوس تۆمارکردووە، 5 گۆڵی نبۆ سپۆرتینگ لیشبۆنە تۆمارکردووە و ئێستا ئەستێرەکەی مادێرا خاوەنی 785 گۆڵە لە کاروانی یارییکردنیدا.

رۆناڵدۆ لە کاروانی یارییکردنیدا 199 جار لە یارییەکدا دوو گۆڵی تۆمارکردووە، بەرامبەر 45 هەڵبژاردەی جیاواز گۆڵی تۆمارکردووە.

دۆن لە مێژوودا 

111 گۆڵ لە 180 یارییدا بۆ پۆرتوگال
134 گۆڵ لە 176 یاریی چامپۆنزلیگ
311 گۆڵ لە 292 یاریی لالیگادا
81 گۆڵ لە 98 یاریی سێریا ئەی
84 گۆڵ لە 196 یاریی پرێمەرلیگدا

گۆڵکارانی مێژووی هەڵبژاردەکان

کریستیانۆ رۆناڵدۆ - پۆرتوگال - 111 گۆڵ
عەلی دایی - ئێران - 109 گۆڵ
موختار داهاری - مالیزیا - 89 گۆڵ
پوشکاش - هەنگاریا - 84 گۆڵ
شیتالۆ - زامبیا - 79 گۆڵ
حوسێن سەعید - عێراق - 78 گۆڵ
پێلێ - بەرازیل 77 گۆڵ
مێسی - ئەرجەنتین - 76 گۆڵ

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە