فەرمی؛ فیفا ناوی پاڵێوراوەکانی بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست ئاشکراکرد



رووداو - هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، بەشێوەیەکی فەرمی ناوی پاڵێوراوەکانی بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترینەکانی ساڵ ئاشکراکرد.

بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست کە تایبەتە بەباشترین یاریزانی جیهان، هەریەکە لە لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوس و ڤێرجل ڤان دایکی هۆڵەندی، بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکە دەکەن.

لەسەر ئاستی راهێنەران تەنیا سێ راهێنەر بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە دیارییکراون و هەرسێکیشیان لە پرێمەرلیگن، یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری لیڤەرپوول، پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی و ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری تۆتێنهام ئەو سێ راهێنەرەن کە رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین راهێنەری ساڵ دەکەن.

رۆژی 23ـی ئەم مانگە، لەشاری میلانۆی ئیتالیا فیفا لە رێورەسمێکی تایبەتدا خەڵاتی باشترینەکانی ساڵ دابەشدەکات، کە هاوکات خەڵاتی جوانترین گۆڵ، باشترین گۆڵپارێز و باشترین هاندەریش دابەشدەکات.