ئەستێرەیەکی یانەی ریال مەدرید ماڵئاوایی لە یاریزانەکانی یانەکە کرد

02-09-2019
رووداو وەرزشی
A+ A-

رووداو - هەولێر

یاریزانێکی یانەی ریال مەدرید ماڵئاوایی لە هاوڕێکانی کرد، دوای ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ڤیاریال لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی لالیگادا.

کەیلۆر ناڤاس، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید لە ژووری جل گۆڕینی یانەکەدا لە یاریگەی لا سارامیکا ماڵئاوایی لە یاریزانەکانی یانەی ریال مەدرید کردووە و چاوەڕواندەکرێت، لە چەند کاژێری داهاتوودا پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بکات.

گۆڵپارێزە کۆستاریکییەکە لە یارییەکەی بەرامبەر ڤیاریال وەک یەدەگ ئامادەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن زینەدین زیدانەوە پشتگوێخراوە ریزەکانی لۆس بلانکۆس بەجێدەهێڵێت.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان کەیلۆر ناڤاس بەرامبەر 13 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان دەکات، لەبەرامبەر ئالفۆنسۆ ئاریۆلا، بەشێوەی خواستن بۆ یەک وەرز دەچێتە یانەی ریال مەدرید.

کەیلۆر ناڤاس لە ساڵی 2014 لە یانەی لیڤانتی پەیوەندیی بە ریال مەدرید کردووە و لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 162 یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە، نازناوێکی لالیگا، نازناوێکی سوپەری ئیسپانیا، دوو نازناوی سوپەری ئەوروپا، 4 نازناوی مۆندیالی یانەکان و 4 نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە