قۆناخە هەستیارەکەی ئۆڵیمپیاد دەستپێدەکات و یارییەکی ئاگرین دەکرێت

دوێنێ کاژێر 12:31
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فەرەنسا ئەرجەنتین ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
یارییەکانی قۆناخی هەشتی ئۆڵیمپیاد لە تۆپی پێی پیاواندا دەستپێدەکەن، هەر چوار یاریی ئەم قۆناخە لە یەک رۆژدا دەکرێن و یاریی ئاگرین و لووتکەش لەنێوان فەرەنسای میواندار و ئەرجەنتین دەبێت.
 
کاژێر 16:00 لە یاریی دەستپێکی قۆناخەکەدا هەڵبژاردەی مەغریب دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر عێراق بەدەستهێنا، خۆی گەیاندە ئەم قۆناخە و ئەمجارە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەمریکا یاریی دەکات، کە ئەمیان لە کۆمەڵەی یەکەمدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا، بەبردنەوەی دوو یاری و دۆڕاندنێک.
 
یاریی دووەمی قۆناخەکە کاژێر 18:00 بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی ژاپۆن دوای ئەو ئاستەبەرزەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا پێشکێشیکرد و پلەی یەکەمی کۆمەڵەی چوارەمی بە سێ بردنەوەی لەسەریەک بەدەستهێنا، دەیەوێت درێژە بە پێشکەوتنەکانی بدات کاتێک بەرامبەر ئیسپانیا یاری دەکات.
 
لارۆخا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە سێ یارییدا دوو بردنەوە و دۆڕاندنێکی هەبوو و پلەی دووەمی کۆمەڵەی سێیەمی بەدەستهێنا.
 
ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی سەرنجە، بوونی دوو هەڵبژاردەی عەرەبییە لە قۆناخەکەدا، هەڵبژاردەی میسر بەو بردنەوەیەی بەرامبەر ئیسپانیا تۆماریکرد شوێنی خۆی لەم قۆناخەدا کردەوە و کاژێر 20:00 لە سێیەم یاریی قۆناخەکەدا بەرامبەر پاراگوای یاری دەکات.
 
یارییە سەرنجڕاکێش و بەهێزەکەی قۆناخی هەشتی ئۆڵیمپیاد، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسای رێکخەری ئۆڵیمپیاد و ئەرجەنتین دەبێت.
 
فەرەنسا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و سێ یاریی لەسەریەکی بردەوە، حەوت گۆڵی تۆمارکرد و هیچ گۆڵێکی لێنەکرا، ئەمجارە دەچێتە نێو قۆناخێکی هەستیار و بەرامبەر ئەرجەنتین یاری دەکات.
 
ئەرجەنتین لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە دوو بردنەوە و دۆڕانێک شەش خاڵی کۆکردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشتی رکابەرییەکە.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 دەکرێت، دوو ئەستێرەی پێشووی بەنێوبانگی هەردوو وڵات رووبەڕووی یەکدەبنەوە، تێری هێنری وەکو راهێنەری فەرەنسا و خاڤێر ماسکێرانۆ وەکو راهێنەری ئەرجەنتین، یەکێکیان ئەمشەو ماڵئاوایی دەکات و ئەوەی دیکەیان هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی میدالیای زێری ئۆڵیمپیاد دەچێتە پێشەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە