چاڤی: عوسمان نەیگوت بۆ دەڕوات

02-08-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز عوسمان دێمبلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، باسی رۆیشتنی عوسمان دێمبلی، یاریزانی فەرەنسی لە یانەی بارسێلۆنا دەکات و دووپاتی دەکاتەوە کە عوسمان پێیگوتووە دەڕۆم، بەڵام هۆکارەکەی بۆ رووننەکردووەتەوە، دەشڵێت "هەر یاریزانێک بیەوێ لە بارسێلۆنا بڕوات، رێگەی لێناگرین".
 
دوای یاریی دۆستانەی بارسێلۆنا و میلان لە ئەمریکا، کە بە بردنەوەی بارسا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی کەتەلۆنی رۆیشتنی دێمبلی بەرەو یانەی پاریس سانجێرمان راگەیاند.
 
چاڤی گوتی "شتەکە زۆر سادەیە، دێمبلی هاتە لام و پێیگوتم کە دەستەوارەیەکی لە پاریسەوە هەیە، هەروەها لەگەڵ لویس ئێنریکی و ناسر خلێفی قسەی کردووە، ئەمە دەستەوارەیەکە کە ناتوانین رووبەڕووی ببینەوە".
 
راهێنەری بارسا، زیاتر لەبارەی رۆیشتنی عوسمانەوە گوتی "پرسیارم لێکرد بۆچی دەتەوێ بڕۆی؟ هۆکارەکەی چییە؟ لە راستیدا نەیتوانی پێمبڵێت، بۆیە بڕیارێکی کەسییە، هیچ هۆکارێکی پێنەگوتم، بەڵام ئەوە گرنگترینیان نییە، ئایا من بێ هیوا بووم، بەڵێ بێگومان بێ هیوا بووم".
 
چاڤی هەروەها گوتیسی "ئێمە دەمانزانی کە دەکرێت ئەو سیناریۆیە رووبدات، بۆیە سیناریۆیەکمان دروستکرد لە ئەگەری ئەوەی عوسمان بڕیاری رۆیشتنی بدات، بەهۆی ئەم مەرجەی لە گرێبەستەکەیدا هەیە، ئێستا دەبێت تیپەکە بەهێزتر بکەین، پێشتر دوای یاریی رابردوو پێم گوتبوو، دەبێت گرێبەستی نوێ بکەین ئەگەر بڕیاری عوسمان رۆیشتن بێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە