تایبەت بە رووداو.. شوێنی یاریی کۆتایی جامی عێراق دیارییکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر لەسەر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریی کۆتایی جامی عێراق، لە بەغداوە بۆ یاریگەی فرانسۆ هەریری بەردەوامە.
 
یاریی کۆتایی جامی عێراق، رۆژی شەممە لەنێوان هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە بەڕێوەدەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەتەواوی روون نییە یارییەکە لە کام یاریگە و کام شار دەکرێت.
 
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە سەرەتای دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکەوە بڕیاردراوە یاریی کۆتایی جامی عێراق لە بەغدا بەڕێوەبچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە نووسراوێکی فەرمی داوامان لە لیژنەی پێشبڕکێکان کردووە، یارییەکە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەبچێت."
 
سەرۆکی یانەی هەولێر زیاتر گوتی "بەمافی خۆمانی دەزانین یاریی کۆتایی جامی عێراق لە هەولێر بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا هەرسێ یانەی حدوود، کەرخ و جەوییە یاریگەی شەعب لە بەغدا وەک یاریگەی ئەوان هەژمارکراوە، بۆیە داوای گواستنەوەی یارییەکەمان کردووە بۆ هەولێر."
 
وەلید عارەب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "هەرچەند زۆر زەحمەتە یارییەکە لە بەغدا بهێنرێتە دەرەوە، بەڵام هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی یارییەکە لە هەولێر بکرێت، لەو نووسراوەشدا کە بۆ لیژنەی پێشبڕکێکانمان ناردووە ئاماژەمان بۆ ئەوە کردووە کە قوە جەوییە بۆ پاڵەوانێتی ئاسیا داوای یاریگەی ئێمەی کردووە و بۆ ئەوانیش یاریگەکە هیچ جیاوازییەکی وا دروست ناکات."
 
سەرۆکی یانەی هەولێر دووپاتیدەکاتەوە، کە تیپەکەیان بەباشترین ئامادەکارییەوە دەچێتە یاریی کۆتایی و بەلایانەوە گرنگە لە یاریگەی خۆیاندا یارییەکە بکرێت، بەڵام ئەگەر یارییەکە لە بەغداش بەڕێوەبچێت هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نازناوی پاڵەوانێتییەکە ببەنەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە گۆڤەند عەبدولخالق، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یاریی کۆتایی جامی عێراق رۆژی شەممە کاژێر 20:00 لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
 
یانەی هەولێر دوای بردنەوەی لە یانەی حدوود بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق، لەکاتێکدا پێشتر چوار جار نازناوی خولی عێراقی بەدەستهێناوە.