ڤیدیۆ؛ مارسێلۆ یاریزانێک تووشی پێکانێکی مەترسیدار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

مارسێلۆی ئەستێرەی بەنێوبانگی بەرازیلی و یاریزانی ئێستای یانەی فلومینێنسی بووە هۆکاری ئەوەی یاریزانێک تووشی پێکانێکی مەترسیدار ببێت.
 
بەرەبەیانی ئەمرۆ لە یارییەکانی قۆناخی 16ـی جامی لیبەرتادۆرێس، هەردوو یانەی ئەرجەنتینۆس جونیۆری ئەرجەنتینی و فلومینێنسیی بەرازیلی رووبەڕووی یەکبوونەوە و پێکانی لوسیانۆ سانچێز گرنگترین رووداوی یارییەکە بوو.
 
لە خولەکی 55 مارسێلۆ لەکاتێکدا دەیەوێت یاریزانەکە ببڕێت، قاچی دەکەوێتە سەر قاچی لوسیانۆ سانچێزی یاریزانی یانەی ئەرجەنتینۆس جونیۆر و راستەوخۆ قاچی یاریزانەکە دەشکێت و تووشی پێکانێکی زۆر مەترسیدار دەبێت.
 
پێکانەکە هێندە کاریگەرە مارسێلۆ خۆی بۆ ناگیرێت و راستەوخۆ لە شوێنەکە دووردەکەوێتەوە و دەگریێت، بەو هۆیەوە ناوبژیوانی یارییەکە کارتی سوور دەداتە ئەستێرە بەرازیلییەکە و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە مارسێلۆ یاریگە بەجێدەهێڵێت، بەڵام هەر لەسەر هێڵی یاریگە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی چاودێریی بارودۆخی یاریزانەکە بکات.
 
رووداوەکە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و هەزاران هاندەرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ساتی ئەو پێکانە سەختەی لوسیانۆ سانچێزی ئەرجەنتینیان بڵاوکردووەتەوە.
 
کاتێک رووداوەکە روویدا ئەرجەنتینۆس جونیۆر بە گۆڵێک لە پێشەوە بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەی فلومینێنسی بە 10 یاریزانەوە یارییدەکرد ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکە بەیەکسانبوون 1-1 کۆتاییهات.