چێڵسی چاودێری بارودۆخی فرێنکی دییۆنگ دەکات

02-08-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چێڵسی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی بۆ گواستنەوەی فرێنکی دییۆنگ، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا هاتە سەر هێڵ و رکابەری یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات بۆ گواستنەوەی.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت " تۆماس تۆخێل بەتواناکانی یاریزانەکە سەرسامە و داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە چاودێریی بارودۆخی یاریزانەکە بکەن، بەتایبەت کە بارسێلۆنا دەیەوێت یاریزانەکە بفرۆشێت بۆ ئەوەی ناوی یاریزانە نوێیەکانی تۆماربکات."
 
فرێنکی دەیەوێت لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە و زیاتر لە جارێک رەتیکردووەتەوە بڕوات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارسێلۆنا پێویستییەکی زۆری بە رۆیشتنی یاریزانەکە هەیە، لەکاتێکدا 17 ملیۆن یۆرۆی فرێنکی لای یانە کەتەلۆنییەکە ماوە و بەڕێوەبەری کارەکانیشی داوای ئەو پارەیە لە یانە ئیسپانییەکە دەکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، دییۆنگ ئەگەر لە بارسێلۆنا بڕواتیش نایەوێت بچێتە مانچێستەر یونایتد و ئەگەری هەیە بچێتە یەکێک لە یانەکانی چێڵسی و بایرن میونشن، بەڵام بایرن میونشن هیچ گرنگییەک بەتواناکانی ئەو یاریزانە نادات.
 
سەرچاوە نزیکەکانی مانچێستەر یونایتد دەڵێن " ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت سوود لە پەیوەندی خۆی و فرێنکی وەربگرێت، بۆ ئەوەی یاریزانەکە رازی بکات، پەیوەندی بە تیپەکەیەوە بکات، لەکاتێکدا پێشتر لە ئایاکس بەیەکەوە کاریان کردووە."
 
هەرچەند چەندجارێک خوان لاپۆرتا و ماتیۆ ئەلیمانی، سەرۆک و بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا رایانگەیاندووە، بیر لە فرۆشتنی دییۆنگ ناکەنەوە، بەڵام چاڤی هێرناندێز دوو رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند، کە نازانێت دییۆنگ دەمێنێتەوە یان نا، بەپێی بارودۆخەکان شتەکان دەگۆڕێن و بابزانین چی روودەدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە