جۆرجیۆ کیلینی گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤی نوێکردەوە

یانەی یوڤێنتوس بۆ ماوەی دوو وەرزی دیکە گرێبەستی جۆرجیۆ کیلینی کاپتنی یانەکەی نوێکردەوە

کاپتنە تەمەن 36 ساڵییەکەی یوڤی بەپێی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2023 لە یانەی یوڤێنتوس بەردەوام دەبێت، واتە تاوەکو تەمەنی 38 ساڵی لەگەڵ یانەی خانمە پیرەکە درێژە بە وێستگەی یاریکردن دەدات.

لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا یانەی یوڤێنتوس رایگەیاند: "جۆرجیۆ کیلینی کە هاوینی 2021 ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەمان بەسەردەچوو، هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتین ئەفسانەی یانەکەمان بۆ دوو ساڵی دیکەش لە یوڤی بەردەوام بێت، چونکە ئەو یەکێکە لە سیمبوولەکانی مێژووی یانەکەمان کە ماوەی 18 ساڵە لەگەڵ یوڤی یاری دەکات، بۆیە کیلینی بۆ خۆی بەشێکە لە مێژووی یانەکەمان".

لە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، کیلینی گوتی: "بڕوایەکی تەواوم بە تواناکانی ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەر هەیە، چونکە کەسێکی گونجاوە بۆ راهێنەری یانەکەمان، دڵنیام جارێکی دیکە ئاستی یانەکەمان دەگەڕێنێتەوە بۆ لووتکەی ئاستبەرزی، منیش ئامادەم لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە بە هەموو هێز و توانامەوە پشتیوانی بکەم و هاوکاری بم، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت".

هەروەها جۆرجیۆ سەبارەت بە هەڵکشانی تەمەنی گوتی: "هەستم بەوە کرد جەستەم رێگەم پێدەدات لە یاریکردن بەردەوام بم، بۆیە بڕیارمدا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لەگەڵ یوڤێنتوس بەردەوام بم. خۆشەویستی من بۆ یوڤی هەموو سنوورێک تێدەپەڕێنێت و بۆ من یانەکەم لە سەروو هەموو شتێکەوەیە".

سەبارەت بەو تەمەنە زۆرەی لەگەڵ یوڤی بەسەریبردووە کیلینی دەڵێت: "کاتێک هاتم بۆ یوڤی تەمەنم 18 ساڵان بوو، بەڵام ئێستا خاوەنی هاوژین و منداڵم، تەمەنم بووە بە 36 ساڵ. من کەسێکم بەئاسانی خۆم لەگەڵ هەموو بارودۆخێکدا دەگونجێنم، چێژم لەو تەمەنە وەرگرتووە کە لە تۆرینۆ بەسەرمبردووە. هەموو هەوڵێک دەدەم یارمەتی یانەکەم بدەم، بۆ ئەوەی ئامانجی گەورە و نازناوی زیاتر بەدەستبهێنێت".

لە ماوەی رابردوودا ناوی کیلینی گرێدرابوو بە یانەی ریال مەدریدەوە، بەڵام ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پاڤێڵ نێدڤد، جێگری سەرۆکی یانەی یوڤێنتۆس، کیلینی واژۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کرد بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لەگەڵ بیانکۆنێری دەبێت.

جۆرجیۆ کیلینی یەکێک بوو لە ئەستێرە دیارەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە یۆرۆی 2020 کاتێک توانیان نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنن و لە فایناڵی یۆرۆ توانییان بە لێدانی یەکلاکەرەوە بەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا سەربکەون.