یۆفا هەڕەشەی سزادانی یانەکانی سوپەرلیگ دەکات

02-08-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

یۆفا رەتیدەکاتەوە خۆی رادەستی بڕیارەکەی دادگای مەدرید بکات کە پاڵپشتی بڕیارەکەی یانەکانی جامی سوپەرلیگی کردبوو

دادگای مەدرید ئەو مافەی بە یانەکان داوە خولێکی تایبەت بە خۆیان بەناوی سوپەرلیگ بکەنەوە، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکات. بەو پێیەی یۆفا ئەو مافەی نییە رێگری لە دامەزراندنی پاڵەوانێتییەکی لەو شێوەیە بکات، یان بەربەستی بۆ دروست بکات، یاخود سزا بەسەر یانە بەشداربووەکانی سوپەرلیگ بسەپێنێت.

بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەیەکی کەتەلۆنی: "یۆفا پابەندی بڕیارەکانی دادگای مەدرید نابێت و تانە لە بڕیارەکە دەدات لە دادگای یەکێتیی ئەوروپا، کە تایبەت بە فیدراسیۆنەکەیە".

هەروەها رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "یۆفا بەنیاز نییە لە بڕیارەکانی پێ پاشەکشێ بکات و ئەو بڕیارەی دادگای مەدریدیشی بۆ گرنگ نییە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگای ئەوروپا دەکات کە لە مانگی ئۆکتۆبەر بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو پرسەوە دەدات".

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپای ناسراو بە یۆفا پلانی ئەوەشی هەیە زنجیرەیەک سزا بۆ ئەو یانانە ئامادە بکات کە بە دامەزراندنی سوپەرلیگ تۆمەتبارن کە خۆیان لە یانەکانی بارسێلۆنا، ریال مەدرید و یوڤێنتوسدا دەبینێتەوە و پێشبینی دەکرێت سزاکات تا ئاستی بێبەشکردنی ئەو سێیانەیە لە چامپیۆنزلیگ بڕوات".

ئەو سێ یانەیە هەر زوو پێشوازییان لە بڕیارەکەی دادگای باڵای مەدرید کرد کە داوای لە یۆفا کردبوو کۆتایی بە رێگری و بەربەستەکانی بەردەم سوپەرلیگ بهێنێت و دەست لە هەڕەشەکردن و سزادانی ئەو یانانە هەڵبگرێت کە دەیانەوێت بەشداری ئەو خولە بکەن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە