چیرۆ ئیمۆبێلی.. ئەو هێرشبەرەی ئەمساڵ گرەوەکەی لە باشترینەکانی جیهان بردەوە

رووداو - هەولێر

بە قسەی خۆی بێ ئەمە درووشمی یارکردنی چیرۆ ئیمۆبێلی گۆڵکاری ئیتاڵیا و ئەوروپایە.

ئەمە وەرزێک و دووان نییە ئیمۆبێلی بووەتە گۆڵکارێکی تۆقێنەر، ئەو لە ساڵانی رابردووشدا لەسەر گۆڵکار لەگەڵ یاریزانانی یانەکانی دیکەدا لە رکابەریدا بوو.

ئەوەی ئەمساڵ ئیمۆبێلی کردی نموونەیی بوو، ئەو هێرشبەرە ئیتاڵییە بە تۆمارکردنی 36 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولی ئیتاڵیا.

ئەمە هەروا ئاسان نییە بڵێین ئیمۆبێلی بووە گۆڵکار و تەواو، نەخێر ئەو تاوەکو گەڕەکانی کۆتایی خولەکش لە رکابەرییەکی بەهێزی یەکێك لە باشترین گۆڵکارەکانی مێژوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دابوو، بەڵام لە کۆتاییدا بە ژمارەیەکی پێوانەیی گۆڵکاری یەکلاییکردەوە.

ئیمۆبێلی 36 گۆڵی تۆمارکرد و رۆناڵدۆش 31 گۆڵ کە نزیکترین رکابەری بوو، هەروەها ژمارەی گۆنزالۆ هیگواینی یەکسانکردەوە کە لە وەرزێکدا 36 گۆڵی بۆ ناپۆلی تۆمارکردبوو، ئێستا جگە لەهیگواین و ئیمۆبێلی هیچ یاریزانێکی دیکە ئەو رێژەیە زۆرەی گۆڵی لە وەرزێکی سێریا ئەیدا تۆمارنەکردووە.

ئیمۆبێلی بووە سێیەم یاریزانی ئیتالیا، خەڵاتی گۆڵکاری ئەوروپا بباتەوە، کە پێشتر لوکا تۆنی بە 31 گۆڵ لەگەڵ فیۆرێنتینا و فرانچیسکۆ تۆتی، بە 26 گۆڵ لەگەڵ یانەی رۆما ئەو خەڵاتەیان بەدەستهێناوە، ئیمۆبێلی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی یەکێک لە تۆقێنەرترین گۆڵکارەکانی جیهانی تێپەڕاند و بووە گۆڵکاری ئەوروپا.