مان سیتی و کانسێلۆ رێککەوتن

جواو کانسێلۆ بەرگریکاری یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، رەزامەندی لەسەر مەرجە کەسییەکانی خۆی دەربڕیوە کە لە گرێبەستەکەیدا لەگەڵ مانچێستەر سیتی جێگەی بۆ کراوەتەوە، بەڵام هێشتا یوڤێنتوس دەیوێ لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە داهاتی زیاتری دەستبکەوێت.
 
بەگوێرەی سەرەچاوەرۆژنامەوانییەکانی کاڵچیۆ مێرکاتۆی ئیتاڵی "کانسێلۆ و مان سیتی لەسەر هەموو شتێک رێککەوتوون، کە یاریزانە پۆرتوگالییەکە رازییە درێسی مان سیتی بپۆشێت، بەڵام هێشتا ئاستەنگی بەردەم جێبەجێبوونی ئەم گرێبەستە مووچەکەی دانیێلۆیە".

گواردیۆلا سوورە لەسەر گواستنەوەی جواو کانسێلۆ و لە بەرامبەردا دانیێلۆش بەشێک بێت لە گرێبەستکە، گواردیۆلا دەیەوێت بە پشتبەستن بە تواناکانی کانسێلۆ، کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێوان بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە و کایل واڵکەر لەسەر باڵی راستی بەرگریی دروست بکات.

ناکۆکی یوڤی لەسەر ئەم ئاڵوگۆڕپێکردنە، زۆری مووچەکەی دانیێلۆیە کە سیتی ساڵانە 5 ملیۆن و نیو مووچە دەدات بە دانیێلۆ، بەڵام یوڤی سوورە لەسەر ئەوەی مووچەی ساڵانەی بەرگریکارە بەرازیلییەکە تەنیا 4 ملیۆن یۆرۆ بێت.

مانچیستەر سیتی ئامادەیی دەربڕیوە و دانیێلۆ و 30 ملیۆن یۆرۆ بە بیانکۆنێری بدات لە بەرامبەر گواستنەوەی کانسێلۆ بۆ یاریگەی ئیتیحاد ستادیۆم، بەڵام خانمە پیرەکە بەو پێشنیارەی مان سیتی رازی نییە و داوای 40 ملیۆن یۆرۆ و دانیێلۆ دەکات، پێشبینیش دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا هەردوو یانە بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی.