بارسا یاریزانێکی تۆپی پێ بە یاریزانێکی باسکە دەگۆڕێتەوە


رووداو - هەولێر

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی هەموو رێگەکان دەگرێتە بەر لەپێناو دوورخستنەوەی دۆگلاس پێرێرای بەرگریکەری بەرازیلی کە لە دوو وەرزی رابردوودا بووەتە کێشە بۆ لویس ئینریکێی راهێنەری یانەکە.

رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاشكرایکردووە بارسێلۆنا لەگەڵ خۆسیا کیریختیای سەرۆکی یانەی لابۆرال کۆچکای تایبەت بە باسکەدا دانیشتووە کە هاوکات سەرۆکی یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤیسیشە و رێکەوتوون لەسەر گواستنەوەی ئادەم هانگای یاریزانی باسکەی ئەو یانەیە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە، بەرامبەر رۆیشتنی دۆگلاس بۆ یانەی بەرامبەر.

رۆژنامەکە دەڵێ سەرۆکی لابۆرال داوایکردووە بەرامبەر دەستهەڵگرتن لەو یاریزانەی باسکە، بارسا دۆگلاس بداتە ئەوان و پێدەچێ یانە کەتەلۆنییەکە لاری لەوە نەبێت.