سەمیر بابۆ و ستافەکەی بوونە پێشمەرگە


دوای هەوڵێکی زۆر و گفتوگۆیەکی چڕوپڕ دواجار یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ سەمیر بابۆی راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر و ستافەکەی واژووکرد و بۆ ماوەی چوار وەرز بابۆ لەگەڵ ستافەکەی ئەرکی مەشقی پێشمەرگەکانی هەولێر لە ئەستۆ دەگرن.

یانەی پێشمەرگەی هەولێر واژووی سەمیر بابۆی راهێنەری پێشووی یانەی هەولێری بە دەست هێنا. 

دوای گفتوگۆییەکی زۆر دەستەی کارگێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر توانی خزمەتەکانی سەمیر بابۆ و ستافەکەی بە دەست بهێنێت و بۆ ماوەی چوار وەرز گرێبەستیان لەگەڵ واژوو بکات کە پێکهاتوون لە ئەبوبەکر ئەنوەر وەک یاریدەدەری راهێنەر، کەیفی عەبدوڕەحمان راهێنەری توانای جەستەیی لەگەڵ عەبدولخالق مەحموود راهێنەری گۆڵپارێزان.

بابۆی تەمەن ٣٩ ساڵ ماوەی ٢٢ ساڵ وەک یاریزان و راهێنەر لەگەڵ یانەی هەولێر کاریی کردووە، پشکی شێری بۆ تیپەکانی تازەپێشگەیشتوان و لاوانی یانەی هەولێر بردووەتەوە لەسەر ئاستی کوردستان، ماوەی پێنج وەرزیش رابەرایەتی تیپی خولی کوردستانی یانەی هەولێری کردووە توانیوویەتی دووجار قەڵغانی خولەکە بەرز بکاتەوە، سێ وەرزیش پلەی دووەمی وەرگرتووە، هەروەها وەک راهێنەر رابەرایەتی هەڵبژادەی یەکەم و لاوانی کوردستانی کردەوە لە پاڵەوانیەتیەکانی نۆر وەی کاپ و ماڵتا پلەی دووەمی وەرگرتووە. 

وەرزیی رابردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر دوای گۆڕینی دوو راهێنەر لە ریزەکانی پلەی پێنجەمی خولی کوردستانی بەرکەوت، بەڵام ئەمساڵ یانەکە چاوی لەوەیە سەمیر بابۆ تیپێکی رکابەر دروست بکات.