مارتینێز بەرگری لە رۆناڵدۆ دەکات

02-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری پۆرتوگال، بەرگری لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەکەی دەکات و دەڵێت "هەموومان شانازی بە کاپتنی تیپەکەمانەوە دەکەین."
 
دوای یارییەکەیان بەرامبەر سلۆڤینیا و گەیشتنیان بە قۆناخی هەشتی یۆرۆ، قسەی بۆ رۆژنامەڤان کرد و بەرگریی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد ئەو دەڵێت "یەکەم شت و لە هەمووی گرنگتر، ئەو بەردەوامە لە بوون بە نموونە بۆ ئێمە، کاتێک دەبینین یەکەم یاریزانە بەشداری لە شەش یۆرۆدا بکات، وە دەیبینین ئەو هەموو بەرپرسیارەتییە هەڵدەگرێت و ئەو هەموو ویست و ئیمانەی هەیە، وەکو ئەوەی یاریزانێکی لاو بێت، ئەمە هەستێکی باوەڕپێنەکراوە بۆ یاریزانێک کە هەموو شتێکی بردووەتەوە و هەموو شتێکی تاقیکردووەتەوە."
 
مارتینێز زیاتر گوتی "پێویست ناکات ئەوەندە خەمی خۆی پێشانبدات، بۆیە سوپاسی دەکەم کە بەو شێوەیە مامەڵەی کردووە، هەروەها بۆ ئەو گرنگییەی بۆ تیپەکە نیشاندەدات، هەروەها کاردانەوەی دوای ئەوەی لێدانی سزای لەدەستدا و لەلێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا وەکو یەکەم یاریزان چوو و بە تۆمارکردنی لێدانی یەکەم رێگەی سەرکەوتنی بۆ کردینەوە، لە راستیدا هەموومان شانازی بە کاپتنەکەمانەوە دەکەین، ژووری جلگۆڕین زۆر دڵخۆشە بەوەی دەیکات و پێموایە وانەیەکی فێری هەموومان کردووە."
 
راهێنەری پۆرتوگال هێشتا قسەیکرد و بە رۆژنامەڤانانی گوت " پێویستە هەموو رۆژێک ئاوا بژیت کە دوا رۆژبێت، پێویستە پێوەرە بەرزەکان پەیڕەو بکەیت و خۆت بەدەستەوە نەدەیت، تۆپی پێ ساتی سەختت پێدەبەخشێت، بەڵام کاردانەوەی ئەو نموونەیەکی راستەقینەیە کە هەموومان شانازی پێوەدەکەین لە تۆپی پێی پۆرتوگالدا."
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە قۆناخی شازدەی یۆرۆدا بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنی بەرامبەر سلۆڤینیا بەدەستهێنا، رۆژی هەینی لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر فەرەنسا یاریی دەکات و رۆناڵدۆ و ئێمباپێ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە