کاریگەرترین پەیامی رۆناڵدۆ لە دوای یارییەکەی بەرامبەر سلۆڤینیا

02-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یۆرۆی 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، پەیامێکی کاریگەری ئاراستەی هەمووان کرد، دوای ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر سلۆڤینیا لێدانێکی سزای لەدەستدا.
 
لە یارییەکەدا رۆناڵدۆ لە خولەکی 105 لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا، بەڵام لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو نەبوو، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لێدانەکەی لەدەستدا، دوای کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی کاتی زیادکراو، رۆناڵدۆ بە کوڵ گریا و گریانەکەی کاریگەرییەکی گەورە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
یارییەکە چووە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەکو یەکەم یاریزان چووە سەر تۆپ، ئەمجارە لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو بوو و پۆرتوگال یارییەکەی بە سەرکردایەتیی دیێگۆ کۆستای گۆڵپارێز کە سێ لێدانی لەسەریەکی گەڕاندەوە، بە سێ لێدانی بێبەرامبەر بردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشت.
 
لە دوای یارییەکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "داوای لێبوردن لە گەل و هاندەرانی پۆرتوگال دەکەم، سەرەتاییەکی دڵتەنگ و کۆتاییەکی خۆشمان هەبوو، ئەمە تۆپی پێیە."
 
دۆن دەڵێت "دەمویست لێدانە سزایەکە بکەمە گۆڵ و هەڵبژاردەکەم پێشبخەم، بەڵام یان ئۆبلاک سەرکەوتووانە و زۆر ئازایانە تۆپەکەی گەڕاندەوە، هەمیشە دەمەوێت لەپێناو ئەم درێسەدا باشترین پێشکێشبکەم و هەموو هەوڵێکم دەخەمەگەڕ."
 
رۆناڵدۆ لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئێمە بە شایستەییەوە گەیشتینە قۆناخی داهاتوو، چیمەنی یاریگە زۆر خراپ بوو و کاریگەریی هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چێژ لە سەرکەوتنەکەمان وەربگرین."
 
کریستیانۆ ستایشی ئاستبەرزیی دیێگۆ کۆستا دەکات و دەڵێت "دەبێت پیرۆزبایی لە کۆستا بکەین، ئەو ئێمەی رزگارکرد و ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد."
 
کریس دووپاتیدەکاتەوە هەرگیز خۆی بەدەستەوە نادات و گوتی "خۆبەدەستەوەدان شتێکە هەرگیز لە منەوە گوێتان لێی نابێت و بەردەوام دەبم لە هەوڵدان لەپێناو ئەم درێسە و هەڵبژاردەی پۆرتوگالدا، یارییەکەمان لە قۆناخی داهاتوو بەرامبەر فەرەنسا زەحمەت و ئاڵۆز دەبێت، بەڵام دەجەنگین لەپێناو بردنەوەدا."
 
رۆناڵدۆ سوپاسی پاڵپشتیی هاندەران و ماڵباتەکەی کرد و رایگەیاند، خەڵک، ماڵباتەکەی و منداڵەکانی پاڵنەری گەورەن بۆ ئەو کە تاوەکو ئێستا لە یارییکردن بەردەوامە و گوتی "بەدڵنیاییەوە ئەمە دوایین یۆرۆی من دەبێت."
 
ئەم قسانەی رۆناڵدۆ لەکاتێکدایە، یاریزانەکە لە 8 یاریی رابردوودا لە یارییە فەرمییەکاندا هیچ گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال تۆمار نەکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە