ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆی یۆرۆ.. دوایین دوو بلیتی قۆناخی 8 یەکلایی دەکرێنەوە

02-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
تورکیا - نەمسا 22:00
تورکیا - نەمسا 22:00
نیشانەکردن یۆرۆ 2024 هەڵبژاردەی تورکیا هەڵبژاردەی هۆڵەندا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەیەوێت لەنێو هەڵبژاردە گەورەکانی ئەوروپادا بمێنێتەوە، کاتێک لە قۆناخی شازدەی یۆرۆدا بەرامبەر هەڵبژاردەی رۆمانیا یاری دەکات.
 
هۆڵەندا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئاستێکی بەرزی نەبوو و نەیتوانی ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت، وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان گەیشتە ئەم قۆناخە، بەڵام دەیەوێت ئەوە لەبیر بکات و لە یەکەم قۆناخی کرانە دەرەوەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
 
هۆڵەندا لە ئالیانز ئارێنا رووبەڕووی رۆمانیا دەبێت، ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکە ئامادەن بۆ سەرکردایەتیی تیپەکە بکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی یارییەکە و هەنگاونان بەرەو قۆناخی هەشت.
 
رۆمانیا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە کۆمەڵەی پێنجەم بوو و وەکو یەکەمی کۆمەڵەکە سەرکەوتنی بۆ ئەم قۆناخە مسۆگەرکرد، تیپەکە دەیەوێت بەهەمان ئەو ورەیەوە دەربکەوێت کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا هەیبوو بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
 
دوایین مەشق و ئامادەکاری، گەورەترین هەژەندی قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆیە، دەیەوێت بۆ هەمووانی دووپاتبکاتەوە، ئەوەی روویدا بەهێزی ئەوان بوو نەک رێککەوت.
 
نەمسا بە یەکەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناخی شازدە و خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی ئامادەدەکات، کاتێک بەرامبەر تورکیا یاری دەکات.
 
راڵف رانگیک، دەچێتەوە ئەو شارەی پەیوەندییەکی گەورەی لەگەڵی هەیە و دەیەوێت لە لایپزیگ درێژە بە نەخشاندنی لاپەرە جوانەکانی نەمسا بدات لە یۆرۆدا.
 
پێکهاتەی نەمسا بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە، هەڵبژاردەکە ئەمە جاری چوارەمە بەشداری لە یۆرۆدا دەکات و وەشانی رابردووی پاڵەوانێتییەکە یەکەمجار بوو بگەنە قۆناخی شازدە، ئەمجارە دەیانەوێت زیاتر لەو قۆناخە ببڕن و هەنگاوێکی گەورە بنێن.
 
کاتێک نەمسا بۆ یەکەمجار لە 2008 بەشداریی لە یۆرۆدا کرد، هەڵبژاردەی تورکیا لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بە ئەڵمانیا دۆڕا.
 
تورکیا هاوشێوەی نەمسا، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و بەجیاوازیی گۆڵ لەگەڵ پۆرتوگال بە پلەی دووەم سەرکەوت.
 
هەڵبژاردە سوور پۆشەکە ئەمە شەشەمجارە بەشداری لە یۆرۆدا دەکات، پێشتر دووجار گەیشتە قۆناخی هەشت، لە 2000 لەو قۆناخەدا کرایە دەرەوە و لە 2008 تاوەکو پێشکۆتایی رۆیشت، ئێستا هاندەرانی تورکیا چاوەڕێی دووبارەکردنەوەی ئەو ساتە گەورەیە لە هەڵبژاردەکەیان دەکەن.
 
هەردوو هەڵبژاردە دوایینجار لە ئاداری ئەمساڵ یارییەکی دۆستانەیان ئەنجامدا و نەمسا بە شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام هەردوولا باش لەوە تێدەگەن، ئەوە جگە لە یارییەکی دۆستانە هیچی دیکە نەبوو و رێدبوڵ ئارێنا شوێنی یەکلاکردنەوەی بلیتی کۆتایی قۆناخی هەشت دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە