رۆناڵدۆ بە گریانەوە سەرکەوت و ئێمباپێش بەزەحمەت رزگاری بوو

دوێنێ کاژێر 03:34
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بەرنامەی یۆرۆی 2024 یۆرۆی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێیەم رۆژی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، کە تێیدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کیلیان ئێمباپێ بەزەحمەت رزگاریان بوو، و هەڵبژاردەکانیان گەیشتنە قۆناخی 8ـی پاڵەونێتییەکە. گریانی رۆناڵدۆش زۆرترین کاردانەوەی لەسەر ئاستی جیهان دروست کرد.
 
دوو هەڵبژاردەی دیکە گەیشتنە قۆناخی 8 و دووانیش ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکە کرد. دوو یاریی بەهێز بەڕێوەچوون و بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداویش شرۆڤەیەکی تێرتەسەڵی ئەو دوو یارییەی کرد و تۆری میدیایی رووداویش بەردەوام بوو لە بەخشینەوەی خەڵاتە بە نرخەکانی، بە بەشداربووانی رووماڵی رۆژانەی، کە یەکێک لە خەڵاتەکانی ئایپادی رووداو ئەمجارە بۆ دوکاندارێک دەرچوو. خەڵاتی تەلەڤزیۆنە زیرەکەکەش بۆ خوێندکارێک بوو.
  
رووماڵی سێیەم رۆژی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024 بە بووڵتەنی 08:30 دەستپێکرد، کە سامان وڵاتژێری هەموو زانیارییە پێویستەکان سەبارەت بە هەردوو یارییەکە بە بینەران و بەشداربووانی رووداو دا و کات و شوێنی یارییەکان بە گرافیک خرانەڕوو.
 
بووڵتەنی 13:30ـیش بەهەمانشێوە پێشکێشکرا و پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیاوە نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیاند و چەند هاندەرێکی هەڵبژاردەکان قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد.
 
لە سێیەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی 16ـی یۆرۆدا دوو یاریی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوون، و لە یاریی یەکەمدا، کە کاژێر 19:00 لەسەر یاریگەی مێرکور سپەیل ئارێنا، لە شاری دوسێلدۆرف، بەڕێوەچوو، فەرەنسا رووبەڕووی بەلجیکا بووەوە و دوای یارییەکی قورس و هاوسەنگ، فەرەنسا لە دواخولەکەکاندا گۆڵێکی تۆمارکرد و 1-0 لە بەلجیکای بردەوە و بلیتی قۆناخی 8ـی پاڵەوانێتییەکەی وەرگرت.
 

لە یاریی دووەمیشدا، کە کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی دۆتچە بانگ پارک، لە شاری فرانکفورت بەڕێوەچوو، پۆرتوگال بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر سلۆڤینیا یاری کرد و دوای زەحمەتییەکی زۆر، یارییەکە بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندی رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی کۆتاییهات، کە لە یارییەکەدا کریستیانۆ لێدانێکی سزای لەدەستدا و زۆر گریا.
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئیحسان تاهیر، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی هەردوو یارییەکەیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە ئیحسان، کامەران و ئەڵمان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پۆرتوگال یارییەکی خراپی کرد، بەڵام سەرمەد پێیوابوو یارییەکی باشی کردووە.
 
ئیحسان تاهیر، گوتی "پۆرتوگال یارییەکی زۆر خراپی کرد و هۆکارەکەیشی عەقڵیەتی رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری بوو، کە موجاملەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کرد و 120 خولەک یاری پێکرد".
 
ئیحسان پێیوابوو کە ئەم موجاملەیە سەری پۆرتوگال دەخوات، چونکە کریستیانۆ وزەی ئەوەی پێنەماوە 90 خولەک بە ئاستێکی بەرزەوە یاری بکات و گوتی "مارتینێز دەبێت واز لەم کەڵـڵەڕەقییە بێنێت و تەنیا گێمێک یاری بە رۆناڵدۆ بکات".
 
کامەران نەسرەدین، سەرنجی لەسەر گریانەکەی کریستیانۆ هەبوو، گوتی "یاریزان نابێت لەنێو یارییدا بگریێت، چونکە کاریگەری دەخاتە سەر ورەی هاوڕێکانی".
 
ئەو شرۆڤەکارەی رووداو، هەروەها گوتی "کریستیانۆ بۆ ریکۆردەکانی دەگریا، نەک پۆرتوگال".
 
ئەڵمان عارفیش، بەهەمانشێوە، گوتی "تۆ کە رۆناڵدۆی، کاپتنی هەڵبژاردەکەی و ئەو کەسایەتییە گەورەیەت هەیە، بەهیچ شێوەیەک نابێت بگریێی لە کاتێکدا نەتدۆڕاندووە و یاری هێشتا ماوە".
 

سەرمەد سامح، لەو بڕوایەدا بوو کە پۆرتوگال یارییەکی باشی کردووە و هەموو یاریزانەکانی بە رۆناڵدۆوەش باشبوون، بەڵام وەک خۆی گوتی "سلۆڤینیا بە بەرگرییەکی پۆڵایینەوە یاری دەکرد".
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی یۆرۆی 2024 لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا، لە شاری فرانکفورت، لە دوای یارییەکە چووە نێو هاندەرانی پۆرتوگال و چەند هاندەرێکی ئەو هەڵبژاردەیەی دواند. ئەوان قسەیان بۆ رووداو کرد و زۆربەیان لە ئاستی هەڵبژاردەکەیان رازی نەبوون سەرەڕای ئەوەی دڵخۆش بوون کە بلیتی قۆناخی چارەکی کۆتاییان بەدەستهیناوە.
 
یەکێک لە هاندەرانی پۆرتوگال، بە رووداوی گوت "تیپەکەمان باش نەبوو، دەبێت بەرامبەر فەرەنسا ئاستییان بەز بکەنەوە. ناکرێت بەم ئاستەوە بەرامبەر فەرەنسا یاری بکەین".
 
یەکێکی دیکەش گوتی "خراپ بووین، بەڵام گرنگ بردمانەوە و سەرکەوتین".
 
کامێرای رووداو بەشێکی ئاهەنگەکانی هاندەرانی ئیسپانیای گواستەوە، کە لە دەرەوەی یاریگەدا بەبۆنەی بردنەوەی یاری و گەیشتن بەقۆناخی 8 ئاهەنگیان گێڕا.
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی پۆرتوگال بەڕێوەچوو.
 
وەک هەمیشە لەم رووماڵەدا، رووداو دوو خەڵاتی 'ئایپادی رووداو'ی بەخشییە بەشداربووانی، کە یەکێکیان لە رێگەی پەیامنێری رووداوەوە کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، هەڵەبجە سەعدون پەیامنێری رووداو لە هەولێر چووە کافێیەک، کە ژمارەیەکی زۆر بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆ کۆببوونەوە و تیروپشکی ئایپادی رووداوی راکێشا و خەڵاتەکە بووە بەشی گەنجێک بەناوی مەحموود خەتاب، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە. ئەو گوتی "هاندەری بەرازیلم".
 
دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، بۆ محەممەد زەهاوی، تەمەن 30 ساڵ دەرچوو، کە پیشەی دووکاندارە.
 

کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەڵمقن عارف و کامەران نەسرەدین، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ یاریی یەکەم کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی دووەم لە نێوان پۆرتوگال و سلۆڤینیا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەی 'لیرەی 500 هەزاریی رووداو' راکێشرا و خەڵاتەکە بۆ هاونیشتمانییەکی کەڵەکچی دەرچوو، کە ناوی 'مەهدی سدقی حامد'ـە، و مامۆستای وانەبێژە، تەمەنی 34 ساڵە.
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
سەبارەت بە خەڵاتی 'مۆبایلی زیرەکیی رووداو'، غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو، چووە کافێیەک لە ناحیەی بێگۆڤا و دوای راکێشانی تیروپشکەکە، عەبدولقادر یەعقووب بووە براوەی ئەمشەوی مۆبایلیی زیرەکی رووداو. پێش راکێشانی تیروپشکەکە ئەو کەسەی تیروپشکەکە دەکات، دەڵێت "حەزدەکەم بۆ مەلا دەربچێت". مەلا دێتە بەردەم کامێرا و دەڵێت "هاندەری ریال مەدریدم، بەس کریستیانۆ نا"
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری عەلی عەبدوڵڵا بوو، کە تەمەنی 19 ساڵانە، قوتابی زانکۆیە و هاندەری پۆرتوگالە.
 
لە کاتی تیروپشکی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا دوو کەس بە ناوی 'عەلی عەبدوڵڵا' پێشبینییان کردبوو. ئیدی هەردووکیان لەسەر ئەوە رێککەوتن کە جارێکی دیکە تیروپشک بۆ ئەو دووانە بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

منداڵێک بەشداریی لە ماراسۆنێکدا کردووە

لە هەولێر ماراسۆنێک بۆ هەزار منداڵ رێکدەخرێت

بڕیارە ماراسۆنی (راکردنی منداڵان بۆ خۆشی) لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت. رێکخەرەکەی دەڵێت، هەزار منداڵ بەشداریی تێدا دەکەن و بڕوانامەیان پێشکێش دەکرێت.