ڤیدیۆ؛ ئینێستا بەشێوەیەکی جیاواز ماڵئاوایی لە یانەکەی کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

هەزاران هاندەر بەدڵتەنگییەوە لە یاریگە ئامادەن، بە چەپڵەلێدان و هاوارکردن ماڵئاوایی لە ئاندرێس ئینێستا، ئەستێرەی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکەن، کاروانی وێنەکەش دوای 5 ساڵ یارییکردن لەگەڵ ڤیسێل کۆبێی ژاپۆنی کۆتاییهات.
 
ئینێستا لە دوایین یارییدا بە هاندەرانی یانە ژاپۆنییەکەی گوت " ئەوەی وەک یادەوەری بەنرخ وەریدەگرین و دەمێنێتەوە ئەو خۆشەویستی و رێزەیە کە هەمووتان لە رۆژی یەکەمەوە نیشانتان داین، ئەو هەستەش بۆ ئێمە گەورە بوو. وەک تاک،  بەناوی ماڵباتاکەمانەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ئەوە دەردەبڕین".
 
ئەستێرە ئیسپانییەکە درێژەی دایە قسەکانی و گوتی " چەند مانگی رابردوو بۆ من و هەموو ئەوانەی لەگەڵم بوون زەحمەتبوو، لەکاتێکدا سەرقاڵی تەواوکردنی کاروانەکەم بووم، دەمەویست لە کاتی یارییکردندا و لە یاریگەدا ئەو هەستە تاقی بکەمەوە و هەنگاوی داهاتووم بنێم."
 
ئینێستا ساڵی 2018 لە بارسێلۆناوە، بڕیارییدا لە تەمەنی 34 ساڵیدا کاروانی یارییکردنی بباتە دەرەوەی ئەوروپا و پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ڤیسێل کۆبێی ژاپۆنی کرد، لە ماوەی یارییکردنی بۆ ئەو یانەیە، ئەستێرە ئیسپانییەکە 134 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامدا و 26 گۆڵی تۆمارکرد، جگە لەوەش رۆڵی گەورەی بینی لە پێشخستنی زیاتری یانەکەدا و سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی دوو نازناو.
ئاندرێس دوایین یاریی بەدرێسی یانە ژاپۆنییەکەوە ئەنجامدا و ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکە کرد، دوای ئەوەش چووە نێو هاندەران و بۆ دوایینجار وێنەی یادگاریی لەگەڵ گرتن.


خاوەنی گۆڵی یەکلاکەرەوەی مۆندیالی 2010 بۆ ئیسپانیا و ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا لەگەڵ ئەوەی ئێستا تەمەنی 39 ساڵە، بەڵام هێشتا ویستی یارییکردنی هەیە و دەیەوێت بەردەوام بێت، لێ دیارنییە کاروانی داهاتووی یارییکردن لە کام خول و کام یانە دەبێت.