وردەکاریی مردنی لەشجوانە بەنێوبانگەکەی ئەڵمانیا

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆ لیندنەر، لەشجوانی بەنێوبانگی ئەڵمانی و خاوەنی ملیۆنان بینەر و سەرمایەیەکی زۆر بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە تەمەنی 30 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
هەمووان لە ئەڵمانیا بە مردنی ئەو لەشجوانە بەنێوبانگە شۆکبوون و وردەکاریی مردنەکەی بۆ هەمووان بووەتە پرسیار.
 
نیچای خۆشەویستی ئەو لەشجوانە ئەڵمانییە کۆچی دوایی یاریزانەکەی راگەیاند و لەوبارەیەوە دەڵێت "ئەو لەباوەشم بوو، شتەکە زۆر بەخێرایی روویدا، ماوەی سێ رۆژ بوو دەیگوت ملم ئازاری هەیە، تا ئەو کاتە درکمان بەوە نەکرد، بەڕاستی زۆر درەنگ کەوتین."
 
نیچا داوا لە هاوڕێ و هەوادارنی لیندنەر دەکات کە ئەویان لەبیربێت، بەهۆی ئەو کەسایەتییە بەهێز و نایابەی هەیبوو کە بۆ هەموو جیهان جێگەی سەرنجێکی زۆر بوو.
 
نویێل دیزل، هاوڕێی جۆ لیندنەر و لە پەیامێکدا نووسیوویەتی "ئارام بگرە جۆ، من هێشتا چاوەڕێی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەت دەکەم بۆ ئەوەی لە هۆڵی وەرزشکردندا یەکدی ببینین، من شکام براکەم، تۆ باوەشی خۆتت بۆ ئێمە کردەوە، لە ژیاندا بەخشندەیی زۆرت پێشانداین و بۆ هەمیشە لەگەڵم دەبیت."
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری مردنی لەشجوانە ئەڵمانییەکە بەتەواوی دیارنییە، بەڵام خۆشەویستەکەی دەڵێت "بەهۆی خوێنبەربوونی کتوپڕەوە گیانی لەدەستداوە."
 
بەپێی قسەکانی نیشای خۆشەویستی جۆ لیندنەر ، لە ماوەی رابردوودا لەشجوانەکە دوای ئەوەی پشکنینی خوێنی بۆ ئەنجامدرا، پزیشک پێیگوتووە کە گەردیلەکانی تێیدا بینیووە و دەرزیی پێداوە، جگە لەوەش خوێنی مەییووە و پزیشک پێی راگەیاندووە کە پێویستە خوێنی پاکبکرێتەوە، ئەویش ویستوویەتی هەرچی زووە لە ئامێرەکانی نەخۆشخانە رزگاری ببێت.

 
پێشتر جۆ لیندنەر، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو مەترسیانە پێشاندابوو لە پەیوەندییان بە جەڵتەی دڵەوە هەیە کە بەهۆی زۆر راهێنانەکان و خۆ ماندووکردنەوە دروستدەبن.

 
جۆ لیندنەر لە دایکبووی 14-1-1993ـە و تەمەنی 30 ساڵ بوو، یاریزانی لەشجوانی بوو و لە ماوەیەکی کەمدا توانیی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و جیهان ناوبانگێکی زۆر بۆ خۆی پەیدابکات و چەندین دەستکەوتی جیاوازی بەدەستهێناوە.
 
لەشجوانە بەنێوبانگەکەی ئەڵمانیا، لە ماوەی رابردوودا لە دوورگەیەکی وڵاتی تایلەند دەژیا، ڤیدیۆ و وێنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ملیۆنان بینەریان هەبوو، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "بەهۆی لەشجوانییەوە لیندنەر پارەیەکی زۆری کۆکردەوە و سامانەکەی دەگەیشتە 800 هەزار دۆلار.