میلان دەیەوێت بە چوار یاریزان خۆی نوێبکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی هەنگاوەکانی بۆ نوێکردنەوەی تیپی تۆپی پێی یانەکەی چڕکردووەتەوە و دوای گواستنەوەی لوفتۆس چێک، یاریزانی یانەی چێڵسی، کار بۆ گواستنەوەی چوار یاریزانی دیکەش دەکات.
 
رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی وردەکاریی چوار دەستەوارەی یانە ئیتاڵییەکە ئاشکرا دەکات کە بەنیازە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، کارەکانیان تەواوبکات و گرێبەستەکانیان واژۆبکات.
 
بەپێی پلانەکە میلان دەیەوێت هەریەکە لە یونس دیموارا موسا، یاریزانی ئەمریکی و یانەی ڤالێنسیا، کریستیان پولیسیچ، یاریزانی ئەمریکی و یانەی چێڵسی، تیجانی ریندەرز، یاریزانی هۆڵەندی و یانەی ئالکمار و ساموێل چکوێزی، هێرشبەری نەیجیری و یانەی ڤیاریال بباتە ریزەکانی.
 
رۆژنامەکە دەڵێت "یانەی ئەیسی میلان دەستەوارەیەکی بەرامبەر 18 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشی یانەی ڤالێنسیا کردووە، بەڵام یانەکە داوای 25 ملیۆن یۆرۆ دەکات، گفتوگۆی نێوان هەردوولا لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە بەردەوامە."




ئەوەی تایبەتە بە یانەی چێڵسی یانە ئیتاڵییەکە 15 ملیۆن یۆرۆی بۆ کریستیان پولیسیچ پێشکێشکردووە، یانە لەندەنییەکە داوای 20 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بەڵام یاریزانەکە خۆی دەیەوێت بچێتە رۆسۆنێری.

 
بۆ گواستنەوەی ریندەرز، یانەی میلان 18 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆی خستووەتە بەردەم یانەی ئالکمار، بەڵام یانە هۆڵەندییەکە 25 بۆ 30 ملیۆن یۆرۆ داوا دەکات بۆ ئەوەی دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.

 
هەرچی پەیوەستە بە ساموێل چکوێزی، یانەی میلان 22 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە ئامادەکردووە، بەڵام یانە ئیسپانییەکە نایەوێت بە کەمتر لە 30 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، بەتایبەت کە وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەکە پێشکێشکردووە.

 
میلان دوای ئەوەی وەرزی رابردوو گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، دەیەوێت بۆ وەرزی نوێ تیپێکی بەهێزتری هەبێت، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.