کلاسیکۆیەکی نوێ و پڕ لە رکابەری بەڕێوەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لەسەر گواستنەوەی یاریزانێکی لاو بەردەوامە، هەردوو یانەش بەفەرمی داوای یاریزانەکە دەکەن.
 
ئاردا گولەر، یاریزانی لاوی هەڵبژاردەی تورکیا و یانەی فێنارباخچەی ئەو وڵاتە، ئامانجی سەرەکی هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدریدی ئیسپانییە و کلاسیکۆی نێوان هەردوولا بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە بەهێز و بەهێزتر دەبێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، بارسێلۆنا دەستەوارەیەکی بەفەرمی خستووەتە بەردەم یانەی فێنارباخچە، لە دەستەوارەکەدا گەرەنتی یارییکردنی یاریزانەکە لە 20 یاریی وەرزێکدا هەیە، بڕی دەستەوارەکە لەنێوان 20 بۆ 25 ملیۆن یۆرۆیە و بەشێوەی قیست پارەکە دەدرێتە یانە تورکییەکە.
 
جگە لەوەش بارسێلۆنا رازییە یاریزانەکە ساڵێک بەخواستن لە یانەی فێنارباخچە بمێنێتەوە و پەرەی زیاتر بەتواناکانی بدات، لەگەڵ ئەوەشدا بارسێلۆنا مووچەکەی دابین دەکات.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە بارسێلۆنا دەڵێن، دیکۆی سکرتێری یانەی بارسێلۆنا قسەی لەگەڵ یاریزانەکە کردووە و هەردوولا نزیکن لەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە چاودێریی یاریزانەکە دەکات، ئەوانیش ئامادەن مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە جێبەجێبکەن کە 17.5 ملیۆن یۆرۆیە بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکەن.
 
ریال مەدریدیش هاوشێوەی بارسێلۆنا رەزامەندیی پێشانداوە، یاریزانەکە وەرزێک لە یانەکەی بمێنێتەوە، پاشان پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
 
جگە لە دوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا، یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی دەیەوێت یاریزانەکە بباتە ریزەکانی، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە ناچێتە ئەو یانەیە.
 
ئێستا دوو دەستەوارەی فەرمی لە ئیسپانیاوە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکێشکراون، ئەم هەفتەیە بۆ ئاردا گولەر یەکلاکەرەوە دەبێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی داهاتووی خۆیەوە بدات و یانە نوێیەکەی یەکلابکاتەوە.