نوێترین هەواڵەکانی گواستنەوەی یاریزانان

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژی دووەمی کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا، یانەکە وردتر هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ گواستنەوەی یاریزانان و تاوەکو بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە، ئەمە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانانن لەسەر ئاستی یانە گەورەکانی ئەوروپا.

مانچێستەر سیتی
 
یانەی مانچێستەر سیتی بەتەواوی لە گواستنەوەی کالڤین فیلیپس نزیکبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ گرێبەستەکەی رابگەیێنرێت.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ لە تویتێکدا نووسیوویەتی " کارەکانی گرێبەستکردن لەگەڵ فیلیپس تەواوبوون و سەرجەم نووسراوەکان واژۆکراون و یاریزانەکە پشکنینە پزیشکییەکانیشی تێپەڕاندووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی مان سیتی بکات."
 
بەپێی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیا کالڤین فیلیپس بەرامبەر 45 ملیۆن پاوەند دەچێتە یانەی مان سیتی و یاریزانەکە دوو دەستەوارەی رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
 
 
چێڵسی
 
یانەی چێڵسی ئینگلیزی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی رەحیم ستێرلینگ چڕکردووەتەوە و دەیەوێت هەرچی زووە کارەکانی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە تەواوبکات.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەڵێت " چێڵسی متمانەی بەگواستنەوەی یاریزانەکە هەیە و کارەکانی گواستنەوەی لە قۆناخی کۆتاییدان."
 
تۆماس تۆخێل، راهێنەری یانەی یانەی چێڵسی تواناکانی ئەو یاریزانەی بەدڵە و خۆی داوای گواستنەوەی کردووە، بەپێی زانیارییەکانیش گواستنەوەی یاریزانەکە لە مانچێستەر سیتییەوە بۆ چێڵسی 45 ملیۆن پاوەندی تێدەچێت.
 
 
تۆتێنهام
 
یانەی تۆتێنهام دوای گواستنەوەی ریچارلیسۆن، کاردەکات بۆ ئەوەی کلیمێنت لینگلێ، بەرگریکاری فەرەنسی و یانەی بارسێلۆنا بەشێوەی خواستن بباتە ریزەکانی.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت " چوونی ئەو یاریزانە بۆ تۆتێنهام بەرامبەر 5 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و مەرجی کڕینەوەشی بەشێوەی هەمیشەیی لەگەڵدایە."
 
جگە لەو یاریزانەش تۆتێنهام کاردەکات بۆ ئەوەی جیسی لینگارد لە مانچێستەر یونایتدەوە بباتە ریزەکانی.
 
مانچێستەر یونایتد
 
یانەی مانچێستەر یونایتد دەستەوارەیەکی بۆ گواستنەوەی لیساندرۆ مارتینێزی ئەرجەنتینی پێشکێشی یانەی ئایاکس کرد، بەڵام یانە هۆڵەندییەکە پێی رازی نییە.
 
بەپێی دوایین پێشهاتەکان مانچێستەر یونایتد 34 ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە پێشکێشکردووە، بەڵام ئایاکس ئامادەنییە بە کەمتر لە 43 ملیۆن پاوەند دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، بەتایبەت کە پێشتر دەستەوارەیەکی یانەی ئارسیناڵیشی بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە رەتکردووەتەوە.
 
 
یوڤێنتوس و میلان
 
هەردوو یانەی یوڤێنتوس و میلان رکابەری لەسەر گواستنەوەی نیکۆلۆ زانیۆلۆ، ئەستێرەی لاوی یانەی رۆما دەکەن بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یاریزانەکە ببەنە ریزەکانیان.
 
یوڤێنتوس لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستی هەریەکە لەگەڵ پۆڵ پۆگبا و ئانخێل دیماریا نزیکبووەتەوە و ئەگەری هەیە لەم هەفتەیەدا گرێبەستەکانیان رابگەیێنێت، دوای ئەوەش کار بۆ گواستنەوەی زانیۆلۆ دەکات، بەڵام بەربەستی دێتەپێش، بەتایبەت کە رۆما بە ئاسانی دەستبەرداری یاریزانەکە نابێت و میلانیش داوای یاریزانەکە دەکات.
 
رۆژنامەی کۆریێری دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت " ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری میلان زۆر سەرسامە بەو یاریزانە و دەیەوێت لە تیپەکەی ئەو یاری بکات."
 
دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی هەریەکە لە ماڵدینی و ماسارا، میلان هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانان چڕدەکاتەوە و دیبالا و زیاش ئامانجی یانەکەن.
 
 
بارسێلۆنا
 
هەردوو یانەی بارسێلۆنا و لیدز یونایتد لە گەیشتنە رێککەوتن لەسەر گواستنەوەی رافینیا بۆ یانە کەتەلۆنییەکە نزیکبوونەتەوە.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێن " رێککەوتنی هەردوولا نزیکە، یاریزانەکە بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ و 10 ملیۆن یۆرۆی گۆڕانکاری دەچێتە بارسێلۆنا و مووچەی ساڵانەی لە یانەکەدا 6 ملیۆن یۆرۆ دەبێت."
 
یانەی چێڵسی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە رکابەری بارسێلۆنایە، بەڵام یاریزانەکە دەیەوێت بۆ بارسێلۆنا یاری بکات.