17 ساڵ لەمەوبەر دوای چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش بێکهام چووە ریال مەدرید

02-07-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دەیڤد بێکهام
A+ A-

رووداو  دیجیتاڵ

ئەمڕۆ 17 ساڵ بەسەر پەیوەندیکردنی دەیڤد بێکهام، ئەستێرەی تۆپی پێی ئینگلتەرا بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تێدەپەڕێت، گرێبەستێک کە چیرۆکی سەرنجڕاکێشی لە پشتەوەیە.

هاوینی 2003 ئەو یاریزانە کە لە مانچێستەر یونایتد یارییدەکرد، نزیکبوو لەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆناوە بکات، لەکاتێکدا هەردوو یانە لەسەر ئەوە رێککەوتبوون کە یاریزانە ئینگلیزییەکە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات، بەڵام تەواو پێچەوانە روویدا و یاریزانەکە بەرامبەر 37 ملیۆن یۆرۆ چووە ریال مەدرید و بۆ چوار ساڵ گرێبەستی لەگەڵدا کرا.



کاتێک بێکهام گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆکرد، فلۆرێنتینۆ پێرێز گورزێکی گەورەی لە خوان لاپۆرتادا، لەکاتێکدا لە هەموو بانگەشەکانیدا بۆ سەرۆکایەتی بارسێلۆنا، گواستنەوەی بێکهامی وەک کارتێکی بەهێز بەکاردەهێنا.

رووماڵێکی چاوەڕواننەکراو

دەیڤد چووە ریال مەدرید، رۆژی 2003-7-2 دوای تەواوکردنی پشکنینەکان بەفەرمی بووە یاریزانی یانەکە، 500 رۆژنامەڤان لە 25 وڵاتی جیاواز رووماڵی ناساندنی ئەو یاریزانەیان کرد، ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ، ئەستێرە و ئەفسانەی ریال مەدرید بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرجەم بەرپرسانی یانەکە درێسی ژمارە 23ـی ریال مەدریدی بەخشییە بێکهام.



هەفتەیەک بەرلەوەی بێکهام بچێتە ریال مەدرید، یانەکە گرێبەستی لەگەڵ کارلۆس کیرۆش واژۆکرد و بە راهێنەری نوێ دەستنیشانکرا، ئەمەش بە مانای ئەوەی کە ئیدی بێکهام کوڕی یانەکەیە، بەتایبەت کە پێشتر هەردووکیان لە مانچێستەر یونایتد بوون، بێکهام وەک یاریزان و کارلۆس کیرۆشیش وەک یاریدەدەری سێر ئەلێکس فێرگسۆن، راهێنەری ئەو کاتی یانە ئینگلیزییەکە.

لەو هاوینەدا ریال مەدرید بۆ کەمپێکی مەشق و راهێنان چووە رۆژهەڵاتی ئاسیا، نێوبانگی بێکهام دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد و بەهۆی ئەو یاریزانە بازارگەریی ریال مەدرید پێشڤەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینی و ئەو جگە لەوەی بووە یاریزانی یانەکە، بووە ئاماژە و خێرێکی گەورەش بۆ بازرگانی و ریال مەدریدیش سەنگێکی زیاتر لەو ناوچەیە پەیداکرد.

بۆچی بێکهام لە ریال مەدرید درێسی ژمارە 23ـی هەڵبژارد؟

لەکاتێکدا پێش ئەوەی پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات، یاریزانەکە بەدرێسی ژمارە 7 لە مانچێستەر یونایتد یارییدەکرد و بەو ژمارەیە بەنێوبانگبوو، بەڵام کە چووە یانە ئیسپانییەکە نەیتوانی ئەو درێسە وەربگرێت، بەتایبەت کە رائول گۆنزالێس هێرشبەری پێشووی یانەکە خاوەنی ئەو درێسەبوو، بێکهام نزیکبوو لەوەی بڕیاربدات بە درێسی ژمارە 77 لە ریال مەدرید دەربکەوێت، بەڵام دوای بیرکردنەوە و بەهۆی خۆشەویستیی بۆ مایکل جۆردان، ئەستێرەی بەنێوبانگی باسکەی ئەمریکا، بڕیاریدەدات درێسی ژمارە 23 بپۆشێت.



دەیڤد بێکهام ماوەی 4 وەرز لە یانەی ریال مەدرید یارییکرد، 155 یاریی بەدرێسی یانەی شاهانەوە ئەنجامدا و 20 گۆڵی تۆمارکرد، نازناوی لالیگای وەرزی 2007-2006 و جامی سوپەری ئیسپانیای 2003ـی لەگەڵ یانەکە بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە