ئێمباپێ بووە مەدریدی و تەنیا راگەیاندنی ماوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوای بردنەوەی نازناوی پازدەیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، لە راگەیاندنی گرێبەستێکی سەرنجڕاکێش و گەورە نزیکدەبێتەوە.
 
یانەکە کارەکانی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی تەواوکردووە و تەنیا ماوە بەفەرمی گرێبەستەکەی رابگەیێنێت.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی جیهان نووسیوویەتی "ریال مەدرید واژۆی لەسەر هەموو ئەو دۆسێیانە کردووە کە تایبەتن بە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ و یانەکە هەفتەی داهاتوو دەکرێت بەفەرمی گواستنەوەی یاریزانەکە رابگەیێنێت."
 
ئێمباپێ پێشتر رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان راگەیاندبوو و زیاتر لە جارێکیش گوتی "بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆ لەکاتێکی گونجاودا یانە نوێیەکەم ئاشکرا دەکەم، دەچمە خولێکی نوێ و یانەیەکی نوێ."
 
رۆمانۆ زیاتر دەڵێت "لە 2022 کاتێک ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێکردەوە، پەیوەندیی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدریدەوە کردووە و داوای لێکردووە لەسەر بنەمای رێزگرتن پەیوەندییەکەیان بەردەوامبێت و دووپاتیکردووەتەوە کە دەیەوێت لە داهاتوودا پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات."
 
ئێمباپێ 7 وەرز لە یانەی پاریس سانجێرمان یارییکرد، لەگەڵ ئەو یانەیە 15 نازناوی لەسەر ئاستی ناوخۆی فەرەنسا بەدەستهێنا.
 
کیلیان ئێمباپێ، بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی 30ـی ئەم مانگە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، بەڵام پاداشتی گەورە و مووچەیەکی بەرز لە ریزەکانی یانەی شاهانەدا وەردەگرێت.