چامپیۆنزلیگی پازدەیەم.. نازناوێکی مێژوویی بۆ ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ جاری پازدەیەم لە مێژوویدا نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی بەدەستهێنا.
 
لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، هەموو چاوەکان لەسەر یاریگەی وێمبڵی لەندەن بوون، بۆ یەکلابوونەوەی پاڵەوانی ئەم وەرزە، ئێوارەیەکی زوو هەزاران هاندەری سپی پۆش و زەردپۆش بۆ پاڵپشتیکردنی هەردوو یانە چوونە یاریگە، جیهان چاوەڕێی رکابەرییەکی بەهێزی هەردوو یانە بوو.
 
یارییەکە بە کەرنەڤاڵێکی هونەری سەرنجڕاکێش دەستیپێکرد، میوزیک و هەستی هاندەران لە یاریگەدا تێکەڵی یەکدیبوون، دوای ئەوە زینەدین زیدان، ئەستێرەی پێشووی فەرەنسا و ریال مەدرید و راهێنەری پێشووی ئەو یانەیە، جامی چامپیۆنزلیگی هێنایە نێو یاریگە.
 
یارییەکە دەستیپێکرد، لەنیوەی یەکەمدا، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند باشتر لە ریال مەدرید یارییکرد، کەریم ئادێمی و نیکلاس فولکرۆک چەند هەلێکیان بۆ رەخسا، بەڵام سوودیان لەو هەلانە وەرنەگرت و هیچ گۆڵێک لە نیوەی یەکەمدا تۆمار نەکرا.

 
لە نیوەی دووەمدا، کارلۆ ئەنچێلۆتی، بە ئەزموونە زۆرەکەی توانیی گۆڕانکاری لە شێوازی یارییکردنی تیپەکەیدا دروستبکات، لە خولەکی 74 دانی کارڤاخاڵ بەلێدانی سەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد و ئاهەنگێکی زۆری خستە نێو هاندەرانی یانەکە لە هەموو جیهاندا.
 
لە کاتێکدا بۆرووسیا دۆرتموند چاوی لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بوو، بەڵام ڤینیسیۆس جونیۆر لە خولەکی 83 گۆڵی دووەم و یەکلاکردنەوەی یارییەکەی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد و یانەکەی زیاتر لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ نزیککردەوە.

 
یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی ریال مەدرید کۆتاییهات، ناچۆ و ئەستێرەکانی یانەی شاهانە چوونە سەرتەیج، جامە دوو گوێیەکەی چامپیۆنزلیگیان بەرزکردەوە و ئاهەنگیان گێڕا.

 

یانەی ریال مەدرید بەبردنەوەی ئەم نازناوە، مێژوویەکی گەورە و لەبیرنەکراوی تۆمارکرد، یەکەم یانەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا، 15 جار نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەستهێنابێت، ئێستا یانەکە هەشت نازناو لە نزیکترین رکابەرییەوە دوورە کە یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵییە.


کارلۆ ئەنچێلۆتی لەبارەی ئەوەی لە ئێستاوە بیر لە بردنەوەی نازناوی شازدەیەم دەکەنەوە؟ گوتی " ئەمە دۆخی تۆپی پێیە، چی لە بیرکردنەوەمدایە؟ بەراستی زۆر زۆر دڵخۆشم، هەمووان چاوەڕێی بردنەوەی نۆیەم نازناوی لەسەریەک بوون، بەڕاستی مەترسیی لەسەر بوو، بۆرووسیا دۆرتموند لە نیوەی یەکەمدا رکابەرێکی زۆر بەهێزبوو، بەڵام دوای ئەوە چی روویدا؟ ئێمە توانای رکابەریمان هەبوو، یاریزانێکی زۆر گرنگمان لەدەستدا کە تۆنی کرووسە، بەڵام یاریزانی دیکەمان هەبوو کە بەشێوەی جیاواز هاوکاریی تیپەکە بکەن، هەنگاو بە هەنگاو چووینە پێشەوە، راستە کرووسمان لە یاریگەدا نەما، بەڵام یاریزانەکانی دیکە بەرێگەی جیاواز توانیان کارێکی باش بکەن کە بۆ رکابەریکردن پێویستبوو."

 

کارلۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "من هەمیشە هەموو توانایەکی خۆم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی رکابەرییەکی نایاب بکەم، چ ئەو کاتەی یاریزان بووم، چ ئێستا کە راهێنەرم، ئامانجی من ئەوەیە هەمیشە ئەمە دووبارەبکەمەوە، دوای ئەم یارییەش هەمان هەستم هەیە و ئەمە ئامانجی منە، من زۆر بەبەختم کە راهێنەری باشترین یانەی جیهانم."