ئایاکس بەرگری لە گۆڵپارێزەکەی دەکات: بە هەڵە دەرمانی هاوژینەکەی خواردووە

رووداو دیجیتال

یانەی ئایاکس ئەمستردامی هۆڵەندی، بەرگری لە گۆڵپارێزە کامیرۆنییەکەی ئاندرێ ئۆنانا دەکات و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو گۆڵپارێزەی بە هەڵە دەرمانی وزەبەخشی بەکارهێناوە.

ئاندرێ ئۆنانا لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی رابردووە سڕکراوە و دوا یاری لەگەڵ تیپەکەی لە 31ـی کانوونی دووەمی 2021 بەرامبەر بە یانەی ئەلکمار لە خولی هۆڵەندی کردووە.

ئەمڕۆ یانەی ئایاکس بەیاننامەیەکی فەرمی لەبارەی لێکۆڵینەوە لە ئاندرێ ئۆنانای گۆڵپارێزی بڵاوکردەوە، کە لە کۆتایی ساڵی 2020 ئەنجامی پشکنینەکانی پۆزەتیڤ بوون و دەرکەوت کە دەرمانە وزەبەخشەکانی بەکارهێناوە.

یانەکە لە بەیاننامەکەیدا دووپاتیدەکاتەوە کە ئۆنانا بەهەڵە دەرمانی لە هاوژینەکەی وەرگرتووە، لە کاتێکدا ویستوویەتی ئەسپرینی ئازارشکێن بەکاربهێنێت، بەڵام دەرکەوت ئەو دەرمانە ماددەی قەدەخەکراوی فۆرۆسیمیدی تێدایە.

گۆڵپارێزی کامیرۆنی له 4ـی شوباتی رابردوو لە لایەن یەکیتیی تۆپی پێی ئەوروپاوە، بۆ ماوەی 12 مانگ سڕکرا، بەڵام دواتر ئەو لای دادگای ناوبژیوانی شارستانی تانەی لە بڕیارەکە دا.

ئۆنانا ئەمڕۆ لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا و وتەکانی وەرگیران، ئەو تەواوی چیرۆکەکەی بۆ دادگا روونکردەوە و دادگا ماوەیەکی زۆری خایاند بۆ گوێگرتن لە گۆڵپارێزی کامیرۆنی، کە ئەویش لەلای خۆیەوە داوایکرد سزا نەدرێت، یان لانیکەم سزاکەی کەم بکرێتەوە، کە بڕیارە لە شوباتی 2022 تەواوببێت.

ئایاکس دووپاتیکردەوە کە گۆڵپارێزەکەی بۆی نییە بەشداری لە هیچ چالاکییەکی وەرزشیدا بکات و پێویستە مەشقی تایبەت و بەتەنیا بکات، ئەمەش بۆ ئەو زۆر زەحمەتە.

یانە هۆڵەندییەکە لە بەیاننامە فەرمییەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە تاوەکو ئێستا نەزانراوە کەی دادگا بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر چیرۆکی گۆڵپارێزی کامیرۆنی دەردەکات.