7 کەس لە یانەی بارسێلۆنا تووشی کۆرۆنا بوون

02-06-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-

رووداو - هەولێر

حەوت تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە یانەی بارسێلۆنا تۆمارکران، کە پێنجیان یاریزانن.

میدیای ئیسپانیا رایگەیاند، دوای ئەوەی پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنایان بۆ ئەنجامدرا، پێنج یاریزان و دوو ئەندامی دەستەی هونەری یانەکە ئەنجامەکانیان ئەرێنی بووە و تووشی کۆرۆنا بوون، بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکیان لێ دەربکەوێت.

ناوی هیچ یەکێک لەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە کە لە یانەکەدا هەڵگری ڤایرۆسەکەن، بەڵام سەرەرای ئەمەش یانەکە رۆژی دووشەممە بۆ یەکەمجار بەشێوەی کۆمەڵ مەشق و راهێنانەکانی ئەنجامدا، بۆ ئەوەی بۆ یارییەکانی لالیگا ئامادەبێت.



تۆمارکردنی ئەم حەوت کەسە وەک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بارودۆخی یانەکە ئاڵۆز دەکات و کاریگەریی لەسەر دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا و مەشقەکانی یانەکەش دەبێت، لەکاتێکدا پێش گەڕانەوەی یانەکان بۆ مەشقەکانیان، پشکنین بۆ سەرجەم یاریزانان و ئەندامانی تایبەت بە یانەکان کراوە.

بارسێلۆنا ئێستا بەشێوەیەکی ئاسایی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی لالیگا ئامادەدەکات، لە رۆژی یەکەمی مەشقەکاندا ساموێل ئومتیتی فەرەنسی تووشی پێکان بوو، ئانسو فاتیش بەهەمان شێوە پێکانی هەیە.

دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا، رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ریال مایۆرکا یارییدەکات.

یارییەکانی لالیگا 11ـی ئەم مانگە بە یاریی نێوان هەردوو یانەی سێڤییا و ریال بێتیس دەستپێدەکاتەوە، لە هەموو رۆژەکانی هەفتەدا یارییەکان دەکرێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە