رافایێل نادال بەئاسانی گەیشتە قۆناخی چوارەمی رۆلاند گارۆس


رووداو - هەولێر

رافایێل نادالی ئیسپانی بەئاسانی خۆی گەیاندە قۆناخی چوارەمی پاڵەوانێتی تێنسی رۆلاند گارۆس، دوای ئەوەی لە نیکۆلۆز باسیلاشڤیلی جۆرجیی بردەوە.

نادال لە یارییەکەدا وەک هەمیشە بەئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و لە ماوەی کاژێرێک و 30 خولەکەدا یارییەکەی بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایکردەوە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش 6-0، 6-1 و 6-0 بوون.

نادال خاوەنی 9 نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و ئەمساڵیش بەیەکێک لە بەهێزترین پاڵێوراوەکان دادەنرێت بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکەی پاڵەوانێتییەکە کە یەکەم تێنسزانە ئەو ژمارە زۆرەی نازناوەکانی رۆلاند گارۆسی بەدەستهێنابێت.