لێدوانی فەرمی رانگنیک لەبارەی راهێنەرایەتی بایرن میونشنەوە

02-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رالف رانگنیک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راڵف رانگنیک، راهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا هەڵوێستی خۆی لەبارەی وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئاشکراکرد.
 
رانگنیک ماوەی چەند هەفتەیەکە ناوی بە یانەی بایرن میونشنەوە بەستراوەتەوە، کە لە دوای تۆماس تۆخێل، ببێتە راهێنەری یانە ئەڵمانییەکە کە ئەمەی دوایینیان بڕیارییداوە لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە بڕوات.
 
راڵف لەلێدوانێکدا لەبارەی وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە دەڵێت "لە ناخی دڵەوە راهێنەری نەمسام و زۆر چێژ لە کارەکەم وەردەگرم، ئیرادە و ویستێکی زۆرم هەیە بۆ درێژەدان بەو رێگەیەی سەرکەوتن کە گرتوومانەتەبەر."
 
رانگنیک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ یانەی بایرن میونشن، هەڵوێستەکەم مانای رەتکردنەوەی یانە ئەڵمانییەکە نییە، بەڵکو بڕیارێکە لەپێناو ئامانجە هاوبەشەکانی تیپەکەم."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا گوتی "هەموو بیرکردنەوەم لەسەر ئامادەکردنی تیپەکەمە بۆ یۆرۆ، هەموو توانایەکم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی تاوەکو دوورترین قۆناخ بڕۆین."
 
ئەم قسانەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە کاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر سەرۆکی یانەی بایرن میونشن گوتی، لەگەڵ رانگنیک لە گفتوگۆداین و هەنگاوی باشمان بڕیووە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەمسا، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاندووە، لە دوای یۆرۆی 2024 رانگنیک وەکو راهێنەری تیپەکە دەمێنێتەوە.
 
یانەی بایرن میونشن بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی شوێنی تۆماس تۆخێل بگرێتەوە کە لە کۆتایی وەرزدا بڕیارەکە واز لە کارەکەی بهێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە