ئەمشەو مێژوو چاوەڕێی یۆرۆپالیگە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ دەستپێدەکەن، لە یارییەکانی چووندا دوو یاریی بەهێز بەڕێوەدەچن و هەردوو یارییەکە لە یەککاتدا دەکرێن.
 
لە ئیتاڵیا و لە یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ، یانەی رۆمای ئیتاڵی بەسەرکردایەتیی دانیێلی دی رۆسی، راهێنەری لاوی ئیتاڵی و کاتیی یانەکە میوانداریی یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی دەکات، کە لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەڵۆنسۆ، لەباشترین کاتەکانیدایە.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 دەکرێت، رۆما دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی نیوەی رێگەی گەیشتن بە یاریی کۆتایی ببڕێت، لیڤەرکوزنیش چاوی لەوەیە بە ئەنجامێکی باشەوە بچێتەوە ئەڵمانیا.
 
یانەی رۆما، لە دوای دەستبەکاربوونی دانیێلی دی رۆسی، ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و ئەنجامەکانی روو لە باشین، یانەکە لە دوایین 8 یارییدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، لەسەر ئاستی ئیتاڵیاش لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بکات.
 
رۆما دەیەوێت ئەوە بکات کە تاوەکو ئێستا بەهیچ یانەیەک نەکراوە و نەیانتوانیووە لە بایرلیڤەرکوزن ببەنەوە، بۆ ئەوەش تواناکانی هەریەکە لە رۆمێلۆ لوکاکو و کریس سمالینگی بۆ گەڕاوەتەوە و دەتوانن لە یارییەکەی ئەمشەودا بەشداربن.
 
یانەی بایرلیڤەرکوزن لە 46 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاندووە، نازناوی خولی ئەڵمانیای بردووەتەوە و دەیەوێت لە یۆرۆپالیگیشدا هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوە ئەوروپییەکە.
 
هەردوو یانە ئیتاڵی و ئەڵمانی 6 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکدی کردووە، لیڤەرکوزن تەنیا یەکجار سەرکەوتنی بەرامبەر جیالۆرۆسی بەدەستهێناوە، کە لە ساڵی 2004 بووە لە قۆناخەکانی چامپیۆنزلیگدا.
 
یانەی رۆما وەرزی رابردوو لە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگدا بەرامبەر لیڤەرکوزن یارییکرد و لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەدا 0-1 دۆڕا و یانە ئیتاڵییەکە چووە یاری کۆتایی، دوای ئەوە بەرامبەر سێڤییا نازناوەکەی لەدەستدا.

 
یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ، لە یاریگەی ڤیلدرۆم دەبێت لە شاری مارسیلیای فەرەنسا دەبێت، یانەی مارسیلیا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداری یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی دەکات، ئەم یارییەش لە هەمان کاتی یارییەکەی دیکەدا بەڕێوەدەچێت.
 
مارسیلیا لە یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا سەرکەوتنی بەرامبەر بێنفیکای پۆرتوگالی بەدەستهێنا و گەیشتووەتە ئەم قۆناخە، تیپەکە دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی یاریی چوون لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلابکاتەوە.
 
ئەستێرەی یەکەمی مارسیلیا لەم وەرزەدا پیێر ئۆبامیانگ، ئەستێرەی گابۆنییە، کە لەگەڵ یانەکە لە یۆرۆپالیگدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی رکابەرییەکەی گرتووە، ئەمشەویش دەیەوێت بە گۆڵەکانی هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی.
 
یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی دەیەوێت درێژە بە گەشتە سەرنجڕاکێش و ناوازەکەی بدات، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییدەکات.
 
ئاتالانتا لە قۆناخی پێشکۆتاییدا، یەکێک لە گەورەترین سوپرایزەکانی ئەنجامدا و یانەی لیڤەرپوولی لە یۆرۆپالیگ کردە دەرەوە و بەرامبەر مارسیلیا چاوی لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ دەبێت.
 
مارسیلیا و ئاتالاتنا هیچ ئەزموونێکیان بەرامبەر یەکدی نییە و ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا بە یارییە دۆستانە و فەرمییەکانەوە یەکەمجارە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکانی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ ئەمشەو بەڕێوەدەچن، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو یارییەکانی گەڕانەوە دەکرێن و ئەو دوو تیپە یەکلادەبنەوە کە بۆ یاریی کۆتایی دەچنە دبلنی پایتەختی ئێرلەندا بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە.