ریال مەدرید جارێکی دیکە بارسێلۆنا لە زەوی دەدات

02-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فرانکۆ ماستانتۆنۆ ریال مەدرید بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید جارێکی دیکە لە کێبرکێکردن لەسەر توانای یاریزانێک بەسەر بارسێلۆنادا سەرکەوت و رێگەی نەدا بارسا تۆڵەی بردنی ئاردا گولەری لێبکاتەوە.
 
جارێکی دیکە ریال مەدرید توانی هەوڵەکانی بارسێلۆنا تێکبدات بۆ تۆڵەسەندنەوە لە مێرێنگێ لە کێبڕکێی گرێبەستێکی تایبەت لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوو.
 
ریال مەدرید لە هاوینی رابردوودا بەسەر بارسێلۆنادا سەرکەوت لە کێبڕکێی گواستنەوەی ئاردا گولەری تورکی، هەرچەندە یانە کەتەلۆنییەکە نزیکترین بوو لە بەدەستهێنانی ئەو گرێبەستە.
 
بەگوێرەی تۆڕی دیفێنسیا سێنتڕاڵ، بارسێلۆنا هەوڵێکی زۆری دا بۆ گواستنەوەی فرانکۆ ماستانتۆنۆ، ئەستێرەی یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ گرێبەستەکەی ئاردا گولەر، کە ریال مەدرید ئەو یاریزانەی کردووەتە ئامانج.
 
تۆڕی دیفێنسیا سێنتڕاڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە ریال مەدرید بەتووندی گەڕاوەتەوە بۆ هەوڵەکانی لەپێناو گرێبەستەکردن لەگەڵ فرانکۆ ماستانتۆنۆی تەمەن 17 ساڵان، و نزیکبووەتەوە لە کۆتاییهێنان بەو گرێبەستە، چونکە جۆنی کالافات، سەرۆکی تیمی بەهرەدۆزەرەوەکانی ریال مەدرید چەندجارێک لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ریڤەرپلەیت کۆبووەتەوە.
 
روونیشیکردەوە، ریال مەدرید کار لەسەر لایەنی دارایی دەکات، بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییە بقۆزێتەوە کە بارسێلۆنا پێیدا تێدەپەڕێت.
 
ئاشکرابووە کە خۆسێ ئانخێل سانچێز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی ریال مەدریدیش پەیوەندی بە یانەی ریڤەرپلەیتەوە کردووە سەبارەت بە گرێبەستەکەی ماستانتۆنۆ، بەمەش سیناریۆی گولەر نزیکبووەتەوە لەوەی هاوینی داهاتوو دووبارە ببێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە