رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق لە بەردەم هەلێکی مێژوویدایە بۆ گەیشتن بە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی داهاتوو، کاتێک لە جامی ئاسیادا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندونیزیا یاریی دەکات.
لە یاریی دەستنیشانکردنی پلەی سێیەم و چوارەمی جامی ئاسیای خوار تەمەنی 23 ساڵان، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئیندونیزیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و براوەی یارییەکە دەگاتە ئۆڵیمپیادی پاریس.
یارییەکە کاژێر 18:30 لەسەر یاریگەی عەبدوڵڵا بن خەلیفەی تایبەت بە یانەی دحێل بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی لاوانی عێراق هەلێکی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی بلیتی سێیەمی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە ئۆڵیمپیاد بەدەستبهێنێت.
بەر لە یارییەکە رازی شنێشل، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "هەوڵمانداوە بەپێی توانا پشوو بە یاریزانەکان بدەین و لە گوشاری یارییەکان دووریان بخەینەوە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بۆ یارییەکە ئامادەبین و سوود لەو هەلە وەربگرین کە بۆ گەیشتن بە ئۆڵیمپیاد هەمانە و یاریزانەکان بەشێوەیەکی زۆرباش بۆ ئەوە ئامادەن."
شین تای یۆنگ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا گوتی "بۆ دەستنیشانکردنی پلەی سێیەم و چوارەم رووبەڕووی هەڵبژاردەی عێراق دەبینەوە، هەردوو هەڵبژاردە هەموو توانایەکیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بلیتی سێیەمی گەیشتن بە ئۆڵیمپیاد بەدەستبهێنن، هیوادارم هەردوو هەڵبژاردە رێزگرتن لەنێوان یەکدیدا بگۆڕنەوە و تواناکانیان بخەنەگەڕ."
عێراق لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیای لاواندا بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆن دۆڕا و هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیاش بەرامبەر ئوزبەکستان دۆڕاوە.
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە، راستەوخۆ دەگاتە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی داهاتوو کە لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و دەکەوێتە کۆمەڵەی دووەم و بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین، ئۆکراینا و مەغریب یاریی دەکات.
بەمەش لە ئەگەری سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق، دەکرێت هەڵبژاردەکە لە ئۆڵیمپیاددا بەرامبەر لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین یاری بکات، ئەگەر یاریزانەکە بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ