کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگەڕێتەوە ریال مەدرید


رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا یانەی نەسڕ بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
رۆناڵدۆ، زستانی ئەمساڵ یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بەجێهێشت و روویکردە یانەی نەسڕی سعودی، بەپێی گرێبەستەکەی دەبێ بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵ ئەو یانەیە بمێنێتەوە.
 
رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕ لە ساڵێکدا 200 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2025ە.
 
بەپێی هەندێک سەرچاوەی میدیایی ئیسپانیا، رۆناڵدۆ تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ نامێنێتەوە، بەڵکو وەک رۆژنامەی 'ئیل ناسیونال' ئاشکرایکردووە، کریس دەبێتە باڵیۆزی ریال مەدرید و دەگەڕێتەوە ئەو یانەیەی تاوەکو ئێستا گۆڵکەری مێژووییەتی.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، "فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، پێیوایە کە کریستیانۆ کاری ماوە لەگەڵ ریال مەدرید و دەبێ تەواوی بکات".
 
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، "روونە کە کریستیانۆ وەک یاریزان ناگەڕێتەوە مەدرید، چونکە پێرێز پێیوایە بوونی رۆناڵدۆ وەک یاریزان لە ریال مەدرید کۆتایی هاتووە، بەڵام دەکرێ لە شوێن و پێگەی دیکەدا سوود بە یانەکە بگەیەنێت".
 
سەرچاوەکان دەڵێن، هاندەری سەرەکی و پاڵپشتیکار لەو بابەتەدا، جۆرجینای کچە هاوڕێی رۆناڵدۆیە کە بەتاسەیە بۆ گەڕانەوە بۆ مەدرید و جارێکی دیکە نیشتەجێبوونەوە لەو شارە. جۆرجینا یادەوەریی خۆشی لەگەڵ مەدرید هەیە، چونکە لەوێ بۆ یەکەمجار کریسی ناسیووە.
 
کریستیانۆ بەئەفسانەیەکی زیندووی یانەی ریال مەدرید دادەنرێت، گۆڵکەری مێژوویی یانەکەیە بە 451 گۆڵ لە 438 یاریدا.
 
رۆناڵدۆ لەگەڵ ریال مەدرید، چوار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، لەگەڵ سێ نازناوی مۆندیالی یانەکان، دوو نازناوی سوپەری ئەوروپا، دوو نازناوی لالیگا و نازناێکی جامی شا و نازناوێکی سوپەری ئیسپانیا.
 
رۆناڵدۆ لە ژیانیدا خاوەنی پێنج خەڵاتی بالۆن دۆرە کە چواریانی لەو کاتەدا بەدەستهێناوە کە یاریزانی ریال مەدرید بووە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە وەرزی ئەمساڵ لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی 12 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
ئەوەی بۆچوونی میدیاکان لەبارەی گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ ریال مەدرید پتەوتر دەکات، مێژووی ئەو یانەیەیە لە مامەڵەکردن و رێزگرتن لە ئەستێرە و ئەفسانەکانی پێشووی. ئێستا رۆبێرتۆ کارلۆس، ئیکێر کاسیاس و چەندین یاریزانی دیکە پۆستی کارگێڕیی جیاوازیان لە یانەکە هەیە.