چاڤی: بردنەوە لە ریال مەدرید جێگەی شانازییە

رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، رەتیدەکاتەوە بردنەوەی نازناوی لالیگا لە لایەن یانەکەیەوە پەرجوو بێت، بەڵام پێشیوایە کە ئەو کارەی ئەوان کردوویانە شایەنی پێزانینە. دەشڵێت "بردنەوە لە ریال مەدرید جێگەی شانازییە".
 
ئەمڕۆ کاژێر 20:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی 33ـی لالیگادا میوانداری یانەی ئۆساسۆنا دەکات و ئەگەر بیباتەوە زۆر نزیک دەبێتەوە لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزی خولەکە.
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا سەیری یارییەکەی ریال مەدرید لە لالیگا و یاریی کۆتایی جامی شا دەکەی؟ گوتی "نەخێر، سەیری یارییەکانمان دەکەم. رۆژی شەممە چێژ لە سەیرکردنی یاریی کۆتایی وەردەگرم، با بزانم دەتوانم سەیری بکەم یان نا، مەگەر لە دواساتەکاندا ئەرکێکم بۆ پەیدابێت".
 
ئەو گوتی "بردنەوەی لالیگا پەرجوو نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە شایەنی پێزانینێکی زۆرە، پێموایە بوونمان لەو شوێنەی ئێستا لێین شایەنی پێزانینە، لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانی لە ریال مەدریدمان بردەوە، شانازییەکی گەورەبوو، بەتایبەتی بەهۆی شێوازی یاریکردنمان، کە ئێمە لە قۆناخی خۆبنیاتنانەوەداین، ئەوە سەقامگیریمان پێدەبەخشێت، پێموایە رکابەرییەکی باشمان کرد".
 
راهێنەری بلاوگرانا، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەسنی تیپەکەی دا و گوتی "ئێمە پیشەگەری تۆپی پێین، دەزانین کە نازناوی خول لەلایەن باشترین تیپەوە بەدەستدەهێنرێت. تۆکمەترین تیپ، ئەو تیپەی بەردەوامی زیاتری هەیە. هێشتا نازناوی لالیگامان نەبردووەتەوە. بەڵام حەزدەکەم سوپاسی کارلۆی راهێنەری ریال مەدرید بۆ قسەکانی، کە هەڵسەنگاندنی بۆ کردین".
 
چاڤی پرسیاری لەبارەی مانچێستەر سیتیش لێکرا و لە وەڵامدا گوتی "مانچێستەر سیتی بێگومان شایەنی ئەوەیە 3 نازناو بباتەوە، پێموایە ئێستا مان سیتی باشترین تیپی جیهانە، ئەوان تۆپی پێیەکی باش دەکەن، باشترین راهێنەریان هەیە، شێوازی یاریکردنی تۆپی پێیان وەک ئاوێنەیەک وایە بۆ ئێمە. کەواتە ئەوان بە تەواوی شایەنی ئەوەن".